ئەحمەد ئەبوغەیت: كۆمكاری عەرەبی خوازیاری بەهێزبوونی كوردستانە

ئەحمەد ئەبوغەیت: كۆمكاری عەرەبی خوازیاری بەهێزبوونی كوردستانە



ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ئەحمەد ئەبوغەیت ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی و شاندێكی یاوەری كرد. لە دیدارەكەدا ئەبو غێت رایگەیاند كۆمكاری عەرەبی خوازیاری بەهێزبوونی كوردستانە.


لە دیدارەكەدا كە ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی ستایشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە تێكشكاندنی داعش و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی مووسڵی لە بارزانی كرد.


هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ پێشكەوتنە هەمەلایەنەكانی هەرێمی كوردستان و جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان بۆ كۆمكاری عەرەبی جێگەی بایەخە و كۆمكاری عەرەبی خوازیاری سەقامگیری و بەهێزبوونی كوردستانە.


ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی ئاماژەی بە ئەو نەهامەتییانەدا كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و ڕایگەیاند كە لەژێر ڕۆشنایی وەڵامی بارزانی بۆ نامەكەی، هاتووە كە لە نزیكەوە لەبارەی كێشەكان و ئاییندەی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ سەرۆك بارزانی بدوێت و ئەوەی خستەڕوو كە بەو ئەنجامە گەیشتووە كە پێویستە گەلی كوردستان بپارێزرێ و هەروەها دەرفەتێك بە هەرێمی كوردستان و عێراق بدرێتەوە كە بەیەكەوە بژیێنەوە و نیگەرانیەكانیشی بە بارزانی ڕاگەیاند لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و داوای كرد كە ڕیفراندۆم بۆ ماوەیەك دوابخرێ و لەژێر چاودێریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانوساندن لە نێوان هەرێم و بەغدادا بكرێت.


لە بەرانبەردا بارزانی بەخێرهاتنی ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی و شاندی یاوەری كرد و وێڕای ئاماژەدان بە ڕەهەندە جۆراوجۆرەكانی شەڕی تیرۆریستانی داعش ڕایگەیاند كە سەرباری نەبوونی چەك و دۆخی نالەباری ئابووری پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەفسانەی داعشی شكاند و ئەوە بۆ گەلی كوردستان مایەی شانازییە.


هەروەها باسی هەڕەشەكانی تیرۆری كرد لەسەر ئاشتی و ئاسوودەیی گەلان و ڕایگەیاند كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنەی پێویستە و دەبێ شەڕی فكری و كۆمەڵایەتی و ئابووریی تیرۆریش بكرێت.


لەبارەی بابەتی ڕیفراندۆمیش، بارزانی ئەوەی بە ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی ڕاگەیاند كە ڕیفراندۆم بڕیارێكی تاكەكەسێك نییە كە بە ئاسانی دوابخرێت بەڵكو بڕیاری خەڵك و هێزە سیاسییەكانی كوردستانە.


هەروەها ئاماژەی بە مێژووی هاوبەشی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتیانەدا كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و جەختی لەوە كردەوە كە لەو مێژووە هاوبەشەدا شەراكەت جێبەجێ نەكرا و تەوافوق و دەستوور و ڕێككەوتنەكانیش پێشێل كران.


سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەشی دووپات كردەوە كە بەپێی ئەزموونە شكستخواردووەكان لە قۆناغی جۆراوجۆر و جێبەجێنەبوونی شەراكەت و پێشێلكاریی دەستوور و ڕێككەوتنەكان، متمانە لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا نەماوە، بۆیە گەلی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆمی داوە، ڕیفراندۆمیش لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و گەلی كوردستان بە ئامرازی ئاشتیانە و دیالۆگ و دانوساندن مافەكانی خۆی مسۆگەر دەكات.

bas news-
Top