"پێش ڕیفراندۆم پەرلەمان کارا دەکرێتەوە"
کۆبوونەوەی یەکێتی لەگەڵ لایەنەکان بەردەوامە و بڕیارە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەسەر دەرەنجامی کۆبوونەوەکانیان کۆ ببنەوە. (لەتیف شێخ عومەر)، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، لە پرێسکۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند: ''کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و کۆمەڵ دەستکەوتی باشی ھەبووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەکی فراوان ئەنجام دەدرێت.''
هاوکات (سەعدی پیرە)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، ڕایگەیاند: ''ئێمە لەگەڵ برادەرانی گۆران كۆ بووینەوە و ئەگەر هاتنە پێشەوە، باشە، ئەگەریش نەیەنە پێشەوە، ئێمە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان بڕیاری كۆتاییی خۆمان داوە، كاتیشمان بەدەستەوە نەماوە تا چیی تر چاوەڕێ بكەین.''
هاوکات (ئاراس حەسۆ میرخان)، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێستا تۆپەکە لە مەیدانی ئەو حزبانەدایە کە دەیانەوێت پەرلەمان کارا ببێتەوە، لە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ گۆڕان، دواتر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوایان لە هێزە سیاسییەکانی کوردستان کردووە، دوو ڕۆژ مۆڵەتیان بدەنێ، بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵ و گۆڕان دووبارە قسە بکەنەوە، ئێمەش ئەو دەرفەتەمان داونەتێ.''
(ئاراس حەسۆ میرخان) گوتیشی: ''بڕیارە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەردوو لایەن، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی دیکەش گفتوگۆ بکات، بۆیە بڕیار لەسەر ئەوە دراوە، پێش ڕیفراندۆم، لە ماوەیەکی نزیکدا پەرلەمان کارا ببێتەوە.''
kdp-
