سبەینێ لە مەخموور دەست بە بانگەشەی ڕیفراندۆم دەکرێت
(کرمانج عەبدوڵڵا)، بەرپرسی لقی ٢٣ی مەخمووری پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیارە سبەی، ڕۆژی یەکشەممە، لە سنووری قەزای مەخموور دەست بە بانگەشەی ڕیفڕاندۆم بکرێت و لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ نەتەوە و پێکھاتەکان لەبارەی چالاکییەکانی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییی کوردستانەوە کۆ دەبنەوە و تا ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول چالاکییەکانیان بەردەوام دەبێت. ئێمەش وەک لایەنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە ئامادەکاریمان کردووە بۆ ئەوەی ھەموو ھەوڵێک بدەین، ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی زۆرترین دەنگ لە سنووری قەزای مەخموور بەدەست بێنێت.''
قەزای مەخموور لە چوار ناحیە پێک ھاتووە و دەکەوێتە سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و خەڵک و ئیدارەی دەڤەری مەخموور پێشتر داوایان لە ھەرێمی کوردستان کردبوو، بێبەش نەکرێن لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم.
(کرمانج عەبدوڵڵا) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە ھەموو ناوچەکانی سنووری قەزای مەخموور بنکەی دەنگدانی کردووەتەوە و لە ھەر شوێنێک پێویست بکات سندووقی دەنگدانی لێ دادەنرێت، ھەموو سنووری مەخمووریش لە ژێر کۆنتڕۆڵی ھێزی پێشمەرگەی کوردستاندایە و ڕیفڕاندۆم سەرتاسەری سنووری قەزاکە دەگرێتەوە.''
kdp-
