ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ھۆشداری بە شاسوار عەبدولواحید دەدات

 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ھۆشداری بە شاسوار عەبدولواحید دەدات
بڕیارە گرووپی (نەخێر) بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق، کەرنەڤاڵێک لە یاریگای شاری سلێمانی ئەنجام بدەن، بەو هۆیەشەوە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، بۆ ئەنجامدانی کەرنەڤاڵێکی لەوشێوەیە ھیچ کەسێک داوای مۆڵەتی فەرمی نەکردووە.

ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانى ڕایگەیاند: "پێدانی مۆڵەت بۆ خۆپیشاندان و گردبوونەوە، یاخود ھەر کەرنەڤاڵ و فێستیڤاڵێکی جیاواز، پێویستی بە مۆڵەتی فەرمیی قایمقامیەت و لێژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی ھەیە، بۆ ئەوەی دەزگا ئەمنییەکان لە ھەر حاڵەتێکی نەخوازراودا بتوانن دۆخەکە بپارێزن".

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەوەشی خستە ڕوو کە ھیچ کەسێک بۆ ئەنجامدانی کەرنەڤاڵی (نەخێر) بۆ سەربەخۆیی کوردستان، داوای مۆڵەتی فەرمی نەکردووە، ھەروەھا پێشتر ئیدارەی پارێزگای سلێمانی، لەسەر ئەو کەرنەڤاڵە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ھیچ کەسێک داوای مۆڵەتی نەکردووە، بۆیە ”ئەگەر بەھۆی کەرنەڤاڵەکەوە ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو ڕووبدات، دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی سەرپەرشتی کەرنەڤاڵەکە دەکەن“.

ئەوەشی روون کردەوە کە کاری سەرەکیی دەزگا ئەمنییەکان ئەوەیە، لە ھەر کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا یان لە ھەر گردبوونەوە و خۆپێشاندانێکدا دۆخی ئەمنی بپارێزن. گوتیشی: ”ھەر کەسێک داوای مۆڵەتی گردبوونەوە بکات، مۆڵەتی دەدرێتێ و ئەو کاتەش دەزگای ئەمنی چاودێریی دۆخەکە دەکەن، بەڵام ھەر کەسێک مۆڵەتی کەرنەڤاڵەکەی نەبێت، ئەوکاتە ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو ڕووبدات، دەکەوێتە ئەستۆی سەرپەرشتیارانی کەرنەڤاڵەکە“.

چەند ڕۆژێکە شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای (نالیا) کە سەرۆکایەتیی گرووپی (نەخێر) دەکات، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشە بۆ ئەنجامدانی کەرنەڤاڵێک لە یاریگای یانەی سلێمانی دەکات.












باسنیوز
Top