ئازاد جندیانی: لەمەودوا گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی بەدەوڵەتبوونی کوردستان دەکرێ
ئەمڕۆ شەممە 9/9/2017، ئازاد جندیانی، سیاسەتمەدار، لە میانی پانێڵێکدا لە شارۆچکەی مێرگەسۆر ڕای گەیاند: ”ئینر کورد پێویستی بەوە هەیە چیتر کۆیلە بێت؟ 100 ساڵ تێکۆشان لە سایکس بیکۆوە بۆ ئێستا و چەندین ئەزموونی شۆڕش و راپەڕین و دامەزراندنی دەوڵەت، هەمووی بریتی بووە لە قەبوڵنەکردنی سایکس بیکۆ و لۆزان“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە لە ڕیفراندۆمدا ”گومانم لە هیچ هاووڵاتییەکی کوردستان نییە لە پشتیوانیکردنی سەربەخۆیی، بەڵام هەندێک پێیانوایە لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە ڕێگە لە حزبی ئەلف و بەرەی ئەلف و فڵان و فڵان دەگرن، بەڵام بەو شێوەیە نییە و ئەوانە دەتوانن خۆیان ببنە بەشێکی سەرەکیی پڕۆژەکە“.
جندیانی جەختی لەوە کردەوە کە سەربەخۆیی کوردستان لە قسە و دانیشتنەوە بووەتە پڕۆژە و ”لەمەودوا پڕۆژەی بە دەوڵەتبوونی کوردستان قسەی لەسەر دەکرێ، نەک بچینەوە بیانووی کەسانێکی دیکە بهێنینەوە و خۆمانی پێوە خەریک بکەین. بەتایبەتیش ماوەیەکی کەممان ماوە“.
لەبارەی هەڵوێستی ئێران و وڵاتانی هەرێمی لە هەمبەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، ئەو سیاسەتمەدارە نەیشاردەوە کەپێیوایە، ئەو وڵاتانە نەخۆشییەکیان بەرامبەر بە هەیە کە بە (کوردفۆبیا) وەسفی کرد و ڕای گەیاند: ”ئەو وڵاتانە لەوە دەترسن ئەلفێک بە کوردی بخوێنرێ، چۆن ڕێگە دەدەن کار لەسەر پڕۆژەی دەوڵەتی کوردستان بکرێت“.
هەر لە وتەکانیدا ئازاد جندیانی باسی لە هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر کرانەوە و دیموکراسیبوون کرد و ئاماژەی بەوە کرد: ”دیموکراسی خۆی لەسەر ئاستی جیهاندا کێشەی گەورەی هەیە و سەیری هەموو وڵاتانی دراوسێ بکەن، بزانن کامیان لە دیموکراسییەکەیاندا کەموکوڕی نییە؟ ئێمە دوای 91 هەوڵمانداوە مومارەسەی دیموکراسی بکەین و شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی بگۆڕین، هێشتا سەدام حوسێن لە سەرۆکایەتیی عێراقدا بوو، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانمان ئەنجام دا. ئێستاش بەرەو دیموکراسی دەچین، پێشتر هەمیشە خەونمان بەوە دەبینی فڕۆکە ببینین، بەڵام ئێستا فڕۆکەخانەمان دروست کردووە، ئیشەڵا لە سۆران و دهۆکیش فڕۆکەخانە دەکرێتەوە. ئەمانە بەشێک نین لە دیموکراسی؟“.
باسنیوز
