سەرچاوەیەکی نێو پارتی: عەلی باپیر داوای کردووە پۆستی سکرتێری پەرلەمان لە کۆمەڵ وەرنەگیرێتەوە

 سەرچاوەیەکی نێو پارتی: عەلی باپیر داوای کردووە پۆستی سکرتێری پەرلەمان لە کۆمەڵ وەرنەگیرێتەوە
سەرچاوەیەکی نێو پارتی دیموکراتی کوردستان بە توندی وەڵامی دەنگۆیەک دەداتەوە کە لە میدیایەکی سلێمانییەوە بڵاو کراوەتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە نەک بەڵێنی هیچ ئیمتیازێک بە ئەمیری کۆمەڵ نەدراوە، بگرە چەندان جار عەلی باپیر داوای کردووە پۆستی سکرتێری پەرلەمانیان لێ وەرنەگیرێتەوە.



میدیایەکی سلێمانی، لە زاری بەرپرسێکی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانەوە بڵاوی کردووەتەوە کە گوایە چەند جارێک پارتی لە ڕێگەی چەند کەسێکەوە بەڵێنی ئیمتیازاتی زیاتری بە کۆمەڵ داوە، بۆ ئەوەی بە پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕازی ببێت.



لە بەرامبەردا سەرچاوەیەکی باڵا لەنێو پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند، هەرچەندە پارتی لە پێناو ڕیفراندۆمدا دەستی لە زۆر مەرجی تایبەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمان هەڵگرتووە، بەڵام ”هەرگیز به‌رامبه‌ر به‌ هیچ هێزێك، باسی پێدانی ئیمتیاز نەکراوە و پرسی ئیمیتیازات به‌پێی ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن ده‌بێ“.



سەرچاوە باڵاکە ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”عەلی باپیر لە ماوەی ڕابردوودا چەندان جار پەیامی ناردووە و داوای کردووە سكرتێری په‌رله‌مان کە لە بنەڕەتدا پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و لەلایەن کۆمەڵەوە بەڕێوە دەبرێت، لێیان وەرنەگیرێتەوە“.



باسنیوز
Top