"کەرکووکییەکان دەستیان بە بانگەشەی ریفراندۆم کرد"

بەرپرسی لقی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک گوتی، بانگەشەی ریفراندۆم لە شاری کەرکووكدا لەلایەن خەڵکەوە ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکە دەستی پێکردووە.

بەرپرسی لقی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک (د.محەمەد خورشید) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، "لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی بانگەشەی پرۆسەی ریفراندۆمەوە کەرکووکییەکانیش ھاوشێوەی شاروچارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان دەستیان بەبانگەشە کردووە وھەوڵیان داوە دەنگی خۆیان بە ھەموو شەقام و کۆڵانەکان بگەینن، بۆئەوەی خەڵک ئامادەبێت بۆ دەنگدان لە رۆژی ریفراندۆمدا.
(د.محەمەد خورشید) گوتیشی، ئەوەی تا ئێستا لەلایەنە سیاسییەکان بانگەشە بۆ پرۆسەی ریفراندۆم دەکات تەنیا پارتیی دیموکراتی کوردستانە و ھیچ جوڵەیەکمان لە لایەنەکانی دیکەوە نەبینیوە.
بەرپرسی لقی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک ڕوونیشی کردەوە، تا ئێستا ئەو سەردان و دانیشتنانەی ئێمە لەگەڵ خەڵکی کەرکووک و پێکھاتەکان کردوومانە کەس دژی پرۆسەی ریفراندۆم نەبووە، بەڵام لە پێکھاتەکان لە تورکماندا تەنیا بەرەی تورکمانی و لە عەرەبەکانیش ھەندێک لایەن دژایەتی خۆیان وەک سیاسی دەربریووە، بەڵام وەکو شەقام کەس دژی پرۆسەکە نییە.
بڕیارە لە٢٥/٩ی ئەم مانگەوە پرۆسەی ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم ئەنجام بدرێت و لە ئێستایشدا بەشێوەیەکی فراوان بانگەشە بۆ ئەو پرۆسەیە دەستپێکراوە.
kdp-
Top