لە گوتاری هەینییدا مامۆستایانی ئایینی گرینگیی ریفراندۆم و سەربەخۆیی باس دەکەن
گوتارخوێنی مزگەوتی گەورەی قەزای بەردەرەش لە گوتاری ئەمڕۆی ھەینییدا بەشداریکردنی مووسڵمانانی لە ریفراندۆمدا بە کارێکی باش زانی و بە پێویستی زانی کە بچنە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگ بە "بەڵێ" بدەن، وەک بۆ ئامادەبووانی شیکردەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ستەممان لێ نەکرێ، دەبێ دەنگ بە سەربەخۆیی بدەین و یەکدەنگ بین، چونکە ئەو ستەممەی لە گەلی کوردستان کراوە هۆکارەکەی ئەوەبووە کە ئێمە خاوەنی دەوڵەتی خۆمان نەبووینە.
ئەو گوتارخوێنە ئاماژەی بە موسڵمانان لە بۆرما کرد کە ئێستا ستەمیان لێ دەکرێ، لەبەر ئەوەی خاوەنی دەوڵەت نین و تا ئێستایش نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پاڵپشتیان وەک پێویست نەهاتووەتە دەنگ، هەڵبەت بۆ ئەوەی ئێمەیش دووبارە ستەممان لێ نەکرێ، دەبێ لە ریفراندۆمدا بەشداربین و بە "بەڵێ" دەنگ بدەین تا ببینە دەوڵەت.
سەبارەت بە رۆڵی مامۆستایانی ئایینی بەڕێوەبەری پێوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (مەریوان نەقشبەندی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، مامۆستایانی ئایینی هەست بەو بەرپرسیارێتییە دەکەن، بۆیە لە گوتاری هەینییدا باسی گرینگی ریفراندۆم دەکەن، چونکە پرسێکی نیشتمانییە و لەڕوانگەی ئاینییەوە گرینگییەکەی بۆ خەڵک شی دەکەنەوە.
ئاماژەیشی دا، لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی لیژنەیەک هەیە وتارەکان دەستنیشان دەکات، لەبەرئەوەی پرۆسەی ریفراندۆم پرسێکی گەرمی نیشتمانییە، مامۆستایانی ئاینیش تا کۆتایی وادەی ریفراندۆم باس لەو پرسە گرینگە دەکەن.
بڕیارە پرۆسەی ریفراندۆم لە٢٥/٩ی ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەڕێوەبچێت و لە ئێستایشدا بانگەشەی ریفراندۆم دەستی پێکردووە و بە شێوەیەکی فراوان خەڵکی کوردستان پشتگیری لە ریفراندۆم دەکەن.
kdp-
