ئاسایشی کەرکووک دوو چەکداری داعشی دەستگیر کرد

ئاسایشی کەرکووک دوو چەکداری داعشی دەستگیر کرد
هێزەکانی ئاسایشی کەرکووک دوو چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعشیان لە شارۆچکەیەکی ئەو پارێزگایە دەستگیر کرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک، هەردوو تیرۆریست (م. س. ح) و (ز. ئا. ع.)یان لە شارۆچکەی داقووق دەستگیر کردووە.

تیرۆریستی یەکەم خەڵکی شارەدێی ریازی سەر بە شارۆچکەی حەویجەیە و ماوەی سێ ساڵ چەکداری بەشی هەواڵگریی داعش بووە و باوکیشی لە ساڵی 2007 بەرپرسی تیرۆریستانی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە بوو لە حەمرین و حەویجە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، تیرۆریستی دووەم خەڵکی شارەدێی عەباسییەیە و سێ ساڵ لە کارگەی دروستکردنی بۆمبی داعش لە حەویجە کاری کردووە، هەروەها دوو برای دیکەی، کە چەکداری هەمان رێکخراو بوون، کوژراون.

ئاسایشی کەرکووک ئاماژەی بەوەش داوە، کە ئەو دوو چەکدارە لەناو ئاوارەکانەوە خۆیان شاردبووەوە و لە سنووری شارۆچکەی داقووق نیشتەجێ بووبوون.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.











باسنيوز
Top