جێگری پارێزگاری مووسڵ: گەڕانەوەی ئاوارەكانی دەوروبەری مووسڵ گەڵاڵە كراوە

 	 جێگری پارێزگاری مووسڵ: گەڕانەوەی ئاوارەكانی دەوروبەری مووسڵ گەڵاڵە كراوە
جێگری پارێزگاری مووسڵ بۆ كاروباری ئاوارەكان دەڵێت، پڕۆژەیەك بۆ گەڕانەوەی ئاوارەی شارەكانی دەروربەری مووسڵ بە ناوی پڕۆژەی (گەڕانەوەی ئاوارەكان)ـەوە گەڵاڵە كراوە، كە ئەویش بە هەماهەنگی لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای مووسڵ دەستی پێ كردووە.

(عەلی عومەر)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "هەوڵی زۆر هەیە بۆ ئەوەی ئاوارەكان بگەڕێنینەوە بۆ سەر زێدی خۆیان و ژیانیان باشتر بكەین، هەر ئاوارەیەكیش هاوكاریی مادیی دەكرێت و، پڕۆژەیەكیش لە بەردەستە بۆ دانی مینحەی ملیۆن و نیوێك دیناری عێراقی بۆ هەر خێزانێك و چاوەڕوانی پەسەندكرنین".

(عومەر) گوتیشی، "بە بڕیارێك ناكرێت خێزانەكانی داعش لە نێو ئاوارەكاندا بن و رۆژانەیش هێزە ئەمنییەكان لێكۆڵینەوە لەگەڵ خێزانەكان دەكەن، بە تایبەت ئەوانەی هاوكاری داعش بوون و دەستیان لە تاوانەكاندا هەبووە، كە بە هیچ جۆرێك ناكرێت لەنێو ئاوارەكاندا بن".

سەبارەت بە گەڕانەوەی خێزانەكانی تەلەعفەریش دەڵێت، "لەبەر باری ئەمنیی شارەكە، تا ئێستای باش نییە بگەڕێنەوە و، بەم دواییانەیش تەلەعفەر رزگار كراوە، بۆیە زۆربەیان لە كەمپەكاندان و ئەوانەی هیچ گومانێكیان لەسەر نەبێت، بۆ ناوچەكانیان دەگەڕێنەوە، بەڵام ئەوانی دیكە لە ژێر لێكۆڵینەوەدان"
kdp-
Top