مامۆستایانی زانكۆ: سەربەخۆیی لە هەموو حزبەكان گەورەترە.. باشترین بژاردە جیابوونەوەیە لە عێراق

مامۆستایانی زانكۆ: سەربەخۆیی لە هەموو حزبەكان گەورەترە.. باشترین بژاردە جیابوونەوەیە لە عێراق
مامۆستایانی زانكۆی هەڵەبجە ڕایدەگەیێنن، گەلی كورد دەرفەتێكی مێژوویی بۆ هاتووەتە پێشەوە و نابێت لە دەستی بدات، بۆیە پێویستە لە پێناو ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستاندا، هەموو ناكۆكییەكان وەلاوە بنێین و ڕۆژی 25ـی ئەیلوول دەنگ بە (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆم بدەین.

(عادل سدیق)، مامۆستای زانكۆ لە كۆلێژی مێژووی زانكۆی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند، "زیاتر لە سەدەیەكە ئێمەی گەلی كورد بێ خواستی خۆمان بە عێراقی عەرەبییەوە لكێندراوین، كە لەو كاتەدا بەریتانیا بۆ بەرژەوەندیی ئابووری، سیاسی و سەربازیی خۆی ئێمەی بە بەغداوە لكاند."

(سدیق) گوتیشی، "گەلەكەمان ڕووبارێك خوێنی بۆ سەربەخۆیی بەخشیوە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت وەك و هەموو گەلانی دنیا سەربەخۆ و ئازاد بین، پێویستە ڕۆژی 25ـی ئەیلوول بە (بەڵێ) دەنگ بە ڕیفراندۆم بدەین و هەموو كێشە سیاسی و فیكرییەكانمان وەلاوە بنێین، چونكە سەربەخۆییی كوردستان لە هەموو حزبەكان گەورەترە و، عێراقیش هیچ كات ئامادە نییە مافەكانی گەلەكەمان بدات."

هاوكات (هۆشمەن عەتا)، مامۆستای زانكۆی هەڵەبجە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "پرسی بنیاتنانی دەوڵەت، ئەولەوییەتی یەكەمە و دەبێ هەموو ناكۆكی و كێشەكانمان وەلاوە بنێن و هەموومان هەنگاوی یەكەم بە سەركەوتوویی ببڕین كە ڕیفراندۆمە و پاشان دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، بێگومان پاش ڕاگەیاندنی دەوڵەتیش، باشتر دەتوانین پەنجە بخەینە سەر كێشەكان و چارەیان بكەین."

وەك (عەتا) دەڵێت، "ئێمەی گەلی كورد لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی شكستخواردووی وەك عێراقداین، كە هەر كات تووشی شكست بوو، بۆ هەرێمی كوردستانی دەگوازێتەوە، وەك چۆن لە شەڕی داعش لە ساڵی (2014)ـدا بەو هەموو چەكە پێشكەوتووەی بە دەستیانەوە بوو شكستیان خوارد، كەچی ئەو بەڵایەیان تووشی هەرێمی كوردستان كردەوە، پێشمەرگەیش بەو چەكە كۆنانەوە ‌توانی بەرگری لە خاكی كوردستان بكات، بۆیە ئەگەر ئێمە سەربەخۆ بین، دەتوانین چەك و تەقەمەنیی پێشكەوتوو لە وڵاتان بكڕین و خاكی خۆمانی پێ بپارێزین، لەبەر ئەوە، باشترین بژاردە جیابوونەوەیە لە عێراق."

ئەو مامۆستایەی زانكۆی هەڵەبجە هێما بۆ ئەوە دەكات، "ڕیفراندۆم هەنگاوی یەكەمە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، پاش 25ـی ئەیلوول سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان متمانەی گەلی بە دەستەوەیە كە بە وڵاتان دەڵێت، بە ڕێگایەكی دیموكراسی داوای ئەوە دەكەین ببینە دەوڵەتی سەربەخۆ، بۆیە ئەركی سیاسییەكان و حزبەكانە ناوماڵی كوردستان یەك بخەنەوە، بەوپەڕی هەستی نەتەوایەتییەوە ڕۆژی 25ـی ئەیلوول ڕوو بكەینە سندووقەكانی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، چونكە مانەوەمان لەگەڵ عێراقدا، مەترسیی دووبارەبوونەوەی ئەنفال و كیمیابارانی لێ دەكرێت."
kdp-
Top