فرسەت سۆفی: قۆناغی سەختی دارایی لە ھەرێمی کوردستان تێپەڕیوە
فرسەت سۆفی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی لێژنەی چاکسازی، رایگەیاند: "بەپێی زانیارییەکانم، ئێستا ھەرێمی کوردستان دۆخی سەختی دارایی تێپەڕاندووە، حکوومەتیش لە سەروبەندی ئەوەدایە کە دۆخەکە بەرەو باشتر ببات، ھەروەھا بەھۆی بوونی یەدەگی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە قەرزی ئەو کۆمپانیایانەی لەسەرمان بووە دەدرێتەوە، ئێستا وا خەریکە قەرزەکان تەواو دەبێت، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە گەشبینم و دۆخی دارییمان بەرەو باشتر دەڕوات".
ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی روون کردەوە کە بەم نزیکانە ڕاپۆرتێکی دووەمی کارەکانیان، وەک لێژنەی چاکسازی، بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەنەوە، دەشڵێت: "ھەنگاوی زۆر باش نراوە و لەسەر ھەموو سێکتەرەکان کار کراوە و کارەکانیش بەردەوامیان دەبێت، لە ناو چاکسازییەکاندا بەرپرس و خەڵکانی پلە باڵایان تێدا ھەیە، بۆیە لێپێچینەوەش کراوە".
فرسەت سۆفی، لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان، جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی پێشتر بزووتنەوەی گۆڕان وەک مەرج بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان داینابوو، ھەمووی جێبەجێ کرا، بۆیە ئێستا ھیچ پاساوێک لە پێشیاندا نەماوەتەوە، بەڵام خۆیان بڕیاری نەگەڕانەوەیان بۆ پەرلەمان داوە، بۆیە بەدڵنییاییەوە ئۆباڵی بەشداری نەکردنی گۆڕان لە کاراکردنەوە پەرلەماندا لە ئەستۆی خۆیان دایە، نەک لایەنی دیکە.
ئاشکراشی کرد: "نابێت لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان چیتر چاوەڕوانی بزووتنەوەی گۆڕان بکەن، کاتیشمان کەم لە پێشدا ماوەتەوە، دەبێت بڕیاری خۆیان بدەن".
باسنیوز
