سەرکردەیەکی حزبی شیوعی: دوای كاراكردنەوەی پەرلەمان هەنگاو بۆ دەوڵەتی كوردستان دەنرێت
هەندرێن ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان، ڕایگەیاند: "تا ئێستا ئەو هاوپەیمانێتییەی لە نێوان هەر پێنج لایەنە سیاسییەكەی هەرێمی كوردستان هەبوو، وەك خۆی ماوەتەوە و هەڵنەوەشاوتەوە، بۆیە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بەرپرسیاریتییەكە لەسەر شانی هەموو لایەنەكان، بۆ ئەوەی پەرلەمان و هیچ دامەزراوەیەكی دیكە بە پەكخراوی نەمێنێتەوە".
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی شیووعی دەڵێت: "دوای كاراكردنەوەی پەرلەمان، بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی كوردستان هەنگاو دەنرێت و بۆ دەوڵەتێكی دامەزراوەییش دەبێ هەموو دامەزراوەكان كارا بكرێنەوە".
هاوکات و هەر لەم پەیوەندییەدا عەبدوڵا وەرتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی، گوتی: "نابێت هیچ لایەنێكی سیاسیی و بزووتنەوەی گۆڕانیش خۆی لە كاراكردنەوەی پەرلەمان دور بخاتەوە، چونكە بۆ بەرژەوەندیی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ئەوە پێویستە، بەرپرسیارییەتیش لەسەر شانی هەموو لایەنەكانی كابینەی هەشتەمی پەرلەمانە، دەبێت كۆدەنگی دروست بكەن، بۆ ئەوەی كاریگەریی لەسەر ڕیژەی دەنگی (بەڵێ) هەبێت".
باسنیوز
