لە هەڵەبجە ئۆفیسێک بۆ تۆمارکردنی سکاڵای کەسوکاری شەهیدان کرایەوە

 لە هەڵەبجە ئۆفیسێک بۆ تۆمارکردنی سکاڵای کەسوکاری شەهیدان کرایەوە
بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی کە چەکی کیمیاییان بە ڕژێمی بەعس فرۆشتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە (7/9/2017)، گرووپی دادوەری جیهانیی ئۆفیسی خۆی لە پارێزگای هەڵەبجە کردەوە.



لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە پرێس کۆنفڕانسێکدا ڕای گەیاند: "ئەمڕۆ لە بارەگای کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە ئۆفیسی گرووپی دادوەری جیهانی کرایەوە و ئەو ئوفیسە تایبەتە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەو کۆمپانیا و بازرگاکانانەی کە چەکیان بە ڕژێمی بەعس داوە و کیمیابارانی هەڵەبجەی پێکردووە ".



سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە ڕوونیشی کردوە و گوتی: "پڕۆسەی تۆمارکردنی سکاڵاکان زیاتر لە شەش ساڵە بەردەوامە و لەو ماوەیەشدا نزیکەی هەزار سکاڵا لەلایەن کەسوکاری قوربانیانی هەڵەبجەوە تۆمار کراوە و بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەموکورتییانەی کە لەو دۆسییانەدا هەیە و بە گەڕخستنی زیاتر دۆسییەکان ئەم ئۆفیسە کرایەوە".



هاوکات سامی جەلال، بەرپرسی کەیسی هەڵەبجە لە گرووپی دادوەریی جیهانی، لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند: "کردنەوەی ئەو ئۆفیسە گرنگە، چونکە کارەکان بە خێرایی ڕادەپەڕێندرێت و خەڵکی هەڵەبجەش لەکاتی تۆمارکردنی سکاڵا مەسرووفات ناکەن، هەروەها کەموکورتیی فایلەکانیش چاک دەکرێت".



گوتیشی: "لە رابردوودا ڕژێمی بەعسی عێراق، مێژووی شەهیدبوونی شەهیدەکانی هەڵەبجەی لە وەفاتنامەدا گۆڕیوە و کردوونی بە ڕۆژی (13/3/1988)، هەروەها هۆکاری شەهیدبوونەکەشی گۆڕیوە، بۆیە بە کردنەوەی ئەم ئۆفیسە دەتواندرێت هۆکاری شەهیدبوونەکە و ڕۆژەکەش ڕاست بکرێنەوە و ڕۆژەکە بکرێت بە ( 16/3/1988):"



باسنیوز
Top