ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: لایەنەكان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان چاوەڕوانی دوا بڕیاری یەكێتین
بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی 6ی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕاگەیاند: "پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، ئێستا لەسەر دوا بڕیاری یەكێتی نیشتمانی ماوەتەوە، چونكە هەریەكە لە پارتی، یەكگرتوو و لایەنە سیاسییەكانی دیكە چاوەڕوانن و ئامادەن بۆ ئەوەی كە پەرلەمانی كوردستان بەم نزیكانە كارا بكرێتەوە".
ئەو سەركردەیەی پارتی، دەشڵێت: "یەكێتی دوا قسەی لە گۆڕان وەرگرتووە، ئەویش ئەوەیە كە گۆڕان بە هیچ شێوەیەك نایەتە پێش نە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، نە بۆ بەشداریكردن لە پرسی ڕیفراندۆم".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7/9/2017 ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نشتمانی لە سلێمانی كۆ دەبێتەوە بۆ ئەوەی دوا بڕیاری خۆی لەسەر پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان بدات، بڵند ئیسماعیل، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "ئەگەر لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا یەكێتی بگاتە دوا بڕیار، ئەوا بەدڵنیاییەوە بەم نزیكانە و دەتوانین بڵێین، لە هەفتەی داهاتوەوە دەست بە هەنگاوەكانی كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكرێت، چونكە بێگومان بۆ ئەم پرسە هیچ بەربەستێك نابێتە هۆکار".
هاوکات مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (کوردستان 24) گوتی: "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پەرلەمانی کوردستان کارا دەکرێتەوە".
باسنیوز
