ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی سەردانی هەولێر دەکات
لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی لەگەڵ، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و پرسی گشتپرسی باشووری کوردستانی بۆ سەربەخۆیی لەگەڵدا تاوتوێدەکات.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردووەتەوە، ئەم هەنگاوەی ئەمینداری کۆمکاری عەرەبی لەچوارچێوەی ئەو بڕوایەیدایە کە پێیوایە دەبێت هەموو هەلەکان بەکاربهێندرێت لەپێناو فەراهەمکردنی گفتوگۆ و دیالۆگ لەنێوان هەولێر و بەغدا.
چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، ئەبو غیت پێیوایە "گرنگە بۆ سەرکردایەتی کورد هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکات و بەوردی بیخوێنێتەوە پێش ئەوەی هەنگاوی گشتپرسی بنێت، چونکە ئەو هەنگاوە کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر مانەوەی عێراق و دواڕۆژی کورد لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ، بۆ ئەم هۆکارانە کۆمکاری عەرەبی دەیەوێت گشتپرسی دوابخرێت".
لە ماوەی رابردوودا نامەگۆڕینەوە لە نێوان ئەبو غیت و بارزانی-دا هەبوو، لەنامەیەکدا بۆ بازرانی، ئەمینداری کۆمکاری عەرەبی هەڵوێستی عەرەبی روونکردبووەوە لەبارەی ویستی دواخستنی گشتپرسی، داوای گفتوگۆشی کردبوو لەنێوان هەولێر و بەغدا. بارزانیش وەڵامی نامەکەی دایەوە و هەڵوێستی کوردی بۆ روونکردەوە.
رووداو
