ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی سەردانی هەولێر دەکات

 ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی سەردانی هەولێر دەکات
ئەحمەد ئەبو غیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی بۆ تاوتوێکردنی پرسی گشتپرسی باشووری کوردستان بەم نزیکانە سەردانی هەولێر دەکات.

لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی لەگەڵ، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و پرسی گشتپرسی باشووری کوردستانی بۆ سەربەخۆیی لەگەڵدا تاوتوێدەکات.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردووەتەوە، ئەم هەنگاوەی ئەمینداری کۆمکاری عەرەبی لەچوارچێوەی ئەو بڕوایەیدایە کە پێیوایە دەبێت هەموو هەلەکان بەکاربهێندرێت لەپێناو فەراهەمکردنی گفتوگۆ و دیالۆگ لەنێوان هەولێر و بەغدا.

چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، ئەبو غیت پێیوایە "گرنگە بۆ سەرکردایەتی کورد هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکات و بەوردی بیخوێنێتەوە پێش ئەوەی هەنگاوی گشتپرسی بنێت، چونکە ئەو هەنگاوە کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر مانەوەی عێراق و دواڕۆژی کورد لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ، بۆ ئەم هۆکارانە کۆمکاری عەرەبی دەیەوێت گشتپرسی دوابخرێت".

لە ماوەی رابردوودا نامەگۆڕینەوە لە نێوان ئەبو غیت و بارزانی-دا هەبوو، لەنامەیەکدا بۆ بازرانی، ئەمینداری کۆمکاری عەرەبی هەڵوێستی عەرەبی روونکردبووەوە لەبارەی ویستی دواخستنی گشتپرسی، داوای گفتوگۆشی کردبوو لەنێوان هەولێر و بەغدا. بارزانیش وەڵامی نامەکەی دایەوە و هەڵوێستی کوردی بۆ روونکردەوە.


رووداو
Top