سێ قۆڵی ئۆپەراسیۆنی حەویجە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە
بەپێی زانیارییەکان، 42 هەزار سەرباز و چەکداری هێزە عێراقییەکان ئامادەکارییان کردووە بۆ بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی حەویجە، کە کاتەکەیشی دیاریکراوە و چاوەڕێی کاتژمێری سفر دەکەن.
سێ قۆڵی ئۆپەراسیۆنەکە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە و بەرپرسانی سەربازیی و سیاسیی کوردستانیش رایدەگەیەنن، کە هێزە عێراقییەکان ناتوانن لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەوە هێرش بکەنە سەر حەویجە.
بڕیارە بەم نزیکانە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی حەویجە دەست پێ بکات و بە گوتەی ستیڤن تاونسەند، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانانیش، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەشێکی کاریگەر دەبن لەو هێزانەی حەویجە رزگار دەکەنەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنیوز
