دەزگای گشتیی هەڵبژاردنی پارتی: لیژنەمان بۆ بانگەشە پێکهێناوە

 	 دەزگای گشتیی هەڵبژاردنی پارتی: لیژنەمان بۆ بانگەشە پێکهێناوە
لە دوێنێوە بانگەشەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، بەرپرسی دەزگای گشتیی هەڵبژاردنی پارتییش دەڵێت: "لە پێناو سەرخستنی پرۆسەکە بە (بەڵێ)، لیژنەمان بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە"، هاوکات ئاماژەی بە هەوڵانەش دا تاوەکو ئاسانکارییش بۆ چۆنیەتیی دەنگدانی کوردانی تاراوگە بکرێت.

دوێنێ 5/9/2017،‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌كردن بۆ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی هەرێمی كوردستان ده‌ستی پێكرد و، وەک كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی بریاری دا، بانگەشە تا رۆژی 22/9/2017 به‌رده‌وام ده‌بێت و، 25/9/2017ـیش رۆژی دەنگدانی کوردستانیانە بۆ بڕیاردان لە مافی چارەنووس.

(خەسرۆ گۆران) بەرپرسی دەزگای گشتیی هەڵبژاردنی پارتی و ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: "وەک دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، لیژنەیەکمان بۆ هەوادارانی حیزبمان پێک‌هێناوە، تاوەکو هانیان بدەن بەشداری لە رۆژی دەنگدانی ریفراندۆم بە (بەڵێ) بکەن و بەردەوامیش دەبین".

لەمەڕ هەوڵدانیان بۆ ئاسانکاریکردنی کوردانی تاراوگە، تاوەکو لەو رۆژەدا بەشداری دەنگدانی ئەو پرسە بکەن، (گۆران) گوتی: "هەوڵی زۆرمان داوە تاوەکو مەرجی بوونی پسولەی خۆراک بۆ بەشداربوونی ئەو هاووڵاتییانەی لە تاراوگە دەژیێن، نەهێڵدرێت، بەو هاووڵاتیانەشەوە کە دەکەونە بازنەی ریفراندۆمەوە".

بەگوێرەی ئامارەکانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی، نزیکەی پێنج ملیۆن و 500 هەزار کەس لە سەرتاسەری باشووری کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 46 هەزار سندووق و سەرجەم پێداویستییەکانی بۆ پرۆسەکە ئامادە کراون.
kdp-
Top