وەزارەتی خوێندنی باڵا: ئه‌مڕۆ ئێوارە (زانکۆ لاین) کارادەکرێتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا: ئه‌مڕۆ ئێوارە (زانکۆ لاین) کارادەکرێتەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا لە ئەمڕۆوە (زانکۆلاین) بۆ دەرچوانی خولی یەکەمی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی کارا بکرێ.

پەیوەست بەم پرسە ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆبونەوەی لێژنەی باڵای وەرگرتن، کە بە سەرپەرشتی (د.یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێوەچو وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (عەباس ئەکرەم) ڕایگەیاند، " بڕیاردرا لە سەعات (٥)ی سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ وێبسایتی زانکۆلاین بەناونیشانی (www.regayzanko.com) بۆ ماوەی ھەشت ڕۆژ واتە تا سەعات (١٢)ی شەوی ڕێکەوتی (١٤/٩/٢٠١٧) بۆ دەرچووانی خولی یەکەمی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی کارا بکرێ."

(عەباس) گوتیشی، "دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی ئاگادار دەکات، بۆ بەدەستھێنانی ناوی بەکارھێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) دەتوانن لە کاتی کارابونی (زانکۆلاین) بەکۆدی تاقیکردنەوەکانی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی بچنە ناو سیتسمی زانکۆلاین، دواتریش ژمارەی تەلەفۆنی خۆیان تۆمار بکەن و، پاشانیش لەڕێگەی کورتە نامەیەکەوە ناوی بەکارھێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد)یان بەدەست دەگات و، دواتر دەتوانن بچنە ناو سیستمی زانکۆلاین بۆ ھەڵبژاردنی بەش و کۆلێژ و پەیمانگە لە زانکۆکان."

(عەباس ئەکرەم)زیاتر گوتی، "(کۆمەڵەی پزیشکی، ئەندازیاری، بەشی یاسا، بەشەکانی زیندەوەرزانی و کیمیا و کۆمپیوتەر لە کۆلێژەکانی زانست، بەشی زمانی ئینگلیزی لە کۆلێژ و سکوڵەکانی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان و ئەدەبیات) لە ڕێگەی (زانکۆلاین) خوێندکاران دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، ھەروەک دەرچوانیش سەرپشککراون کە داواکاری بۆ چەند شوێن پێشکەش بکەن.

بۆ ئەو دەرچوانەی کە کارتی نیشتیمانیان دەرکردوەو، ناسنامەی باری شارستانی و ڕەگەزنامەییان لێ وەرگیراوەتەوە، لەکاتی پرکردنەوەی فۆرمی پێشکەشکردن لە(زانکۆلاین) و، لە ھەر شوێنێک داوای ژمارەی ڕەگەزنامەو ناسنامەی باری شارستانی، ئەوا دەتوانن ژمارەی کارتی نیشتیمانیان بنوسن تا کارەکانیان بەتەواوەتی بۆ ڕایبکرێ."
kdp-
Top