وەزارەتی خوێندنی باڵا: ئهمڕۆ ئێوارە (زانکۆ لاین) کارادەکرێتەوە
پەیوەست بەم پرسە ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆبونەوەی لێژنەی باڵای وەرگرتن، کە بە سەرپەرشتی (د.یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێوەچو وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (عەباس ئەکرەم) ڕایگەیاند، " بڕیاردرا لە سەعات (٥)ی سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ وێبسایتی زانکۆلاین بەناونیشانی (www.regayzanko.com) بۆ ماوەی ھەشت ڕۆژ واتە تا سەعات (١٢)ی شەوی ڕێکەوتی (١٤/٩/٢٠١٧) بۆ دەرچووانی خولی یەکەمی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی کارا بکرێ."
(عەباس) گوتیشی، "دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی ئاگادار دەکات، بۆ بەدەستھێنانی ناوی بەکارھێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) دەتوانن لە کاتی کارابونی (زانکۆلاین) بەکۆدی تاقیکردنەوەکانی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی بچنە ناو سیتسمی زانکۆلاین، دواتریش ژمارەی تەلەفۆنی خۆیان تۆمار بکەن و، پاشانیش لەڕێگەی کورتە نامەیەکەوە ناوی بەکارھێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد)یان بەدەست دەگات و، دواتر دەتوانن بچنە ناو سیستمی زانکۆلاین بۆ ھەڵبژاردنی بەش و کۆلێژ و پەیمانگە لە زانکۆکان."
(عەباس ئەکرەم)زیاتر گوتی، "(کۆمەڵەی پزیشکی، ئەندازیاری، بەشی یاسا، بەشەکانی زیندەوەرزانی و کیمیا و کۆمپیوتەر لە کۆلێژەکانی زانست، بەشی زمانی ئینگلیزی لە کۆلێژ و سکوڵەکانی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان و ئەدەبیات) لە ڕێگەی (زانکۆلاین) خوێندکاران دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، ھەروەک دەرچوانیش سەرپشککراون کە داواکاری بۆ چەند شوێن پێشکەش بکەن.
بۆ ئەو دەرچوانەی کە کارتی نیشتیمانیان دەرکردوەو، ناسنامەی باری شارستانی و ڕەگەزنامەییان لێ وەرگیراوەتەوە، لەکاتی پرکردنەوەی فۆرمی پێشکەشکردن لە(زانکۆلاین) و، لە ھەر شوێنێک داوای ژمارەی ڕەگەزنامەو ناسنامەی باری شارستانی، ئەوا دەتوانن ژمارەی کارتی نیشتیمانیان بنوسن تا کارەکانیان بەتەواوەتی بۆ ڕایبکرێ."
kdp-
