ئازاد تۆفیق: گوناحە گۆڕان و کۆمەڵ ڕیفراندۆم وەک دێوەزمە نیشانی هاونیشتمانیان دەدەن

 	 ئازاد تۆفیق: گوناحە گۆڕان و کۆمەڵ ڕیفراندۆم وەک دێوەزمە نیشانی هاونیشتمانیان دەدەن
ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، (ئازاد تۆفیق) دەڵێت، دەنگدان بە (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆم، سەرکەوتن بەدەست دەھێنێت، گوتیشی، گوناحە گۆڕان و کۆمەڵ ڕیفراندۆم وەک دێوەزمە نیشانی ھاونیشتمانیان ده‌ده‌ن.

ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پرسی ڕیفراندۆم کۆ بوونەوە، بڕیارە سبەییش لەسەر هەمان پرس کۆ ببنەوە، (ئازاد تۆفیق)، ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: ''ڕیفراندۆم بریتییە لە پرسی تاکی کوردستان، لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، واتە ڕیفراندۆم پێوەندی نییە بە کێشەی تاکی کورد لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیی کوردستانه‌وه‌، بەڵکو پڕۆسەیەکە پەیوەندیی بە ژیانی ھاونیشتمانیانەوە ھەیە، بۆیە پێویستە ھیچ کەسێک ئەمە لە یاد نەکات، یان وا تێنەگات، کە ڕیفراندۆم مڵکی حزبێکی سیاسیی دیاریکراوە، بەپێچەوانەوە، ئه‌و پرسه‌ تەنھا لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا ئەنجام دەدرێت.''

ئەو ئەندامەی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان گوتی: ''ڕۆژی 25ى ئه‌یلوول ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان، بەدەنگی (بەڵێ) سەرکەوتنی گه‌وره‌ بەدەست دەھێنێت، دواتر کوردستان بەرەو سەربەخۆیی ھەنگاو دەنێت و لە داگیرکاری ڕزگارمان دەبێت.''

(ئازاد تۆفیق) ڕوونیشی کردەوە: ''وڵاتانی دەرەوە پشتگیری لە ڕیفراندۆمی کوردستان دەکەن، بێگومان ئەمەش چانسێکی باشە بۆ ئەوەی بەرەو سەربەخۆییی یەکجاری ھەنگاو بنێین.''

(ئازاد تۆفیق) ئاماژەی بەوەش کرد: ''گۆڕان و کۆمەڵ لەگەڵ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستاندان، بەڵام بەم میکانیزمەی ئێستا نا، لەگەڵ ئەوەشدا میکانیزمی ئەوان په‌یوه‌ندیی بە کێشەکانی نێوان ھێزە سیاسییەکانەوە ھەیە، هیوا ده‌خوازم لەم ماوەیەی له‌ پێشماندا ماوه‌، سازش بۆ یەکتری بکەین، بۆ ئەوەی پڕۆسەی ڕیفراندۆم سەرکەوتوو بێت.''

(ئازاد تۆفیق)، باسی لەوەش کرد: ''بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامی کارێکی باش ناکەن، كه‌ ڕیفراندۆم وەک دێوەزمە نیشانی خەڵکی دەدەن، لە کاتێکدا ئەم پرسە خۆی لە بەرژەوەندیی ھاونیشتمانیاندا دەبینێتەوە، بەڕاستی گوناحە ئەو دوو لایەنە سیاسییە ڕیفراندۆمیان كردووه‌ته‌ دێوه‌زمه‌.''
kdp-
Top