فڕۆکەیەکی F16ی عێراقی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەوتە خوارەوە

 فڕۆکەیەکی F16ی عێراقی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەوتە خوارەوە
فڕۆکەیەکی جەنگیی F16ی هێزی ئاسمانیی عێراق لە ویلایەتێکی ئەمریکا و لە کاتی مەشقەکانیدا کەوتە خوارەوە.

ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاشکرای کرد، فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F16 کە پێشتر لەلایەن عێراقەوە کڕدراوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 6/9/2017، لە ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریکا، لە میانی مەشق و ڕاهێنانی ئاسمانیدا کەوتووەتە خوارەوە.

ئەوەش ئاشکرا کراوە کە بەهۆی ڕووداوەکەوە یەکێک لە فڕۆکەوانەکانی هێزی ئاسمانیی عێراق گیانی لەدەست داوە و ئێستا وەزارەتی بەرگریی عێراق لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی لەبارەی هۆکارەکانی ڕووداوەکە پێکهێناوە.

پێشتر فڕۆکەیەکی دیکەی جۆری F16ی عێراق لە میانی مەشقەکاندا لە ئەمریکا کەوتووەتە خوارەوە، لە کاتێکدا لە ماوەی ڕابردوودا عێراق 36 فڕۆکەی جەنگی لە جۆری F16 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کڕیوە و تاوەکوو ئێستا ژمارەیەک لەو فڕۆکانە گەیشتوونەتە عێراق.










باسنيوز
Top