بارزانی: پێویستە دەوڵەتی کوردستان کۆماری دیموکراسی پەرلەمانی بێت
مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 6/9/2017 لەمیانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ نووسەران و رۆژنامەنووسانی کوردستان، رای گەیاند: "دوای ٢٠٠٣ کارمان بۆ عێراقێکی نوێ کرد، بەڵام ھەموو ھاوبەشییەک شکێندرا، ھەڵەمان کرد لەساڵی ٢٠٠٣ چووینەوە بەغدا، ئەوان لە ساڵی ٢٠٠٦ بە تانگ ھەڕەشەیان لە خەڵکی کوردستان کرد، بۆیە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کارتی فشار و موزایەدە نییە".
بارزانی ئەوەشی روون کردەوە کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕیفراندۆم مافێکی ئاساییە، ھاوکات دەستووری عێراق ڕیگەی بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم داوە، جگەلەوەش بەغدا شەراکەتی قەبوڵ نییە و دەبێت جیابوونەوەمان قەبوڵ بکات، ئێمەش دەمانەوێت بە گفتوگۆ عێراق جیا بینەوە، بیرمان لە شەڕ نەکردووەتەوە، بۆیە بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکردن و دەمانەوێت لەگەڵ بەغدا لەسەر سنوور، ئاو و ئاسمان ڕێک بکەوین، گفتوگۆمان لەگەڵیان بۆ پێدانی بودجە و مووچە و پۆست نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە ببینە دوو دراوسێی باش".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستە روو کە ڕیفراندۆم کاریگەری لەسەر شەڕی داعش نابێت و ئامادەین لە ھەر شوێنێک پێویست بێ شەڕی تیرۆر بکەین، ھاوکات لەسەر ھیچ وڵاتێکی دراوسێ نابینە ھەڕەشە و مەترسی.
ھەر لە میانی ئەو کۆبوونەوەیەدا بارزانی، بە پێویستی زانی دەوڵەتی کوردستان لە داھاتوودا کۆماری، دیموکراسیی پەرلەمانی بێت، جەختیشی لەوە کردەوە داوای چارەسەری قەیرانە داراییەکان لە حکوومەت دەکات و گوتیشی: "پێویستە لایەنەکان ھاوکاری حکوومەت بن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان".
ئاماژەی بەوەش کرد: "پێشبینی ناکەم خەڵک بە (نەخێر) دەنگ بدات و داوا لە خەڵکی بێ لایەن دەکەم لە ڕیفراندۆمدا بە (بەڵێ) دەنگ بدەن، ھاوکات داوا لە ڕێکخراوە بیانییەکانیش دەکەم چاودێری ڕیفراندۆم بکەن".
ئاشکراشی کرد: "ئەوانەی داوای دواخستنی ڕیفراندۆم دەکەن بەدیلیان پێ نییە، لەکاتێکدا رەوتێکی ئایینیی مەزھەبی لە عێراق حوکم دەکات".
باسنيوز
