ئازاد تۆفیق: خانەی راپەڕاندنی گۆڕان لەژێر فشاری کۆمەڵێک هەرزەکاری سیاسی دایە
ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی ڕایگەیاند، گرووپی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، کەسانی نیشتیمانپەروەر و شۆڕشگێڕن، کەسی وایان ھەیە لە 10 لاوە بریندارە و حەزیش دەکەن لەگەڵ ڕیفراندۆم و پرسی کاراکردنەوەی پەرلەماندا بن، بەڵام ”بەداخەوە لەژێر فشارێکی یەکجار زۆردان".
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو فشارانە، لەلایەن ”کۆمەڵێک ھەرزەکاری سیاسی و جنێوفرۆش و گرووپی جنێوفرۆشانی (فەیسبووک) و ھەراوبەزمەوە بۆیان دروست کراوە“. گوتیشی: ”ئەگەر ئەوە نەبێت، خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان پێیان خۆشە بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدەن، بەڵام ناتوانن“.
دووپاتیشی کردەوە، ئەو گرووپانەی فشاریان کردووەتە سەر خانەی ڕاپەڕاندن، بەردەوام لەسەر هێڵن و ئەگەر ئەم بڕیارە بدەن، ڕووبەڕووی هێرش و ناوزڕاندن و تەخوینکردن دەبنەوە. دووپاتیشی کردەوە: ”کاتی خۆی زۆر گوتمان ئەو سیاسەتە هەڵەیە کە بەو ڕادەیە گرنگی بەو گرووپە بدرێت، بەڵام ئێستا خۆیان لەو هەڵەیە تێگەیشتوون“.
باسنیوز
