کەمال کەرکووکی: ڕێگە بەھێزە عێراقییەکان نادەین لە کەرکووکەوە ھێرش بکەنە سەر حەویجە

 کەمال کەرکووکی: ڕێگە بەھێزە عێراقییەکان نادەین لە کەرکووکەوە ھێرش بکەنە سەر حەویجە
بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک و ھاوکات بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت، کە ڕزگارکردنی حەویجە کاریگەری نەرێنی لەسەر پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان نابێت.

کەمال کەرکووکی، بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک و پەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "ڕزگارکردنی حەویجە کاریگەری نەرێنی لەسەر پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستانی عێراق نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە ئیشی ئێمەیە، چونکە ناوچەیەکی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە ئەبێت بڵێین ئەوان بەشداری لەشەڕی ئێمە دەکەن، شەڕەکەش بە ھەماھەنگی ھێزی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان و سوپای عێراق دەکرێت".

بەرپرسی محوەری ڕۆژئاوای کەرکووک، ئەوەشی روون کردەوە کە پلان و بەرنامە، ھەروەھا توانای باشیان بۆ شەڕەکە ھەیە، بۆیە پێویستیان بە ھیچ ھێزێک لە دەرەوەی پێشمەرگە نییە، تا لە سنوورەکەی ئەوانەوە جوڵە بکات. دەشڵێت: "ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ ھەموو دەقەیەک ئامادەی جوڵەن و ئامادەباشییان ھەیە، بەڵام پلانی سەربازی و ھێرشکردن پێش دەستپێکردنی شەڕ ناکرێت بڵاو بکرێتەوە".

لەبارەی ھاتنی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بە ناو شاری کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکاندا، بۆ ڕزگارکردنی حەویجە، کەمال کەرکووکی، جەختی لەوەش کردەوە لای ئەوان، واتە لە باکووری ڕۆژئاوای حەویجەوە، ڕێگە بە ھیچ ھێزێکی غەیرە پێشمەرگە نادرێت نە بەناو کەرکووکدا نە بە ناوچە کوردستانییەکانی دیکەدا تێپەڕێت و لەوێوە جوڵە بکەن. گوتیشی: "باشوور و ڕۆژئاوای حەویجە پەیوەستە بە ھێزە عێراقییەکان و ھێزی ھاوپەیمانان، بۆیە ئەوان دەزانن ئایا حەشدی شەعبی دەبێت بەشداری شەڕەکە بکات، یان نا، ئەوە کێشەی ئەوانە".

ئاشکراشی کرد کە ئێستا ناوچەکەیان زۆر زۆر ئارامە، زیاتر لە 40 ڕۆژە چەکدارانی داعش ھەر جوڵەیەکیان کردبێت، ئەوا ھێزەکانی پێشمەرگە پێش وەختە لێیان داون.











باسنیوز
Top