نووسەرێکی رووسی: بەم نزیکانە دەوڵەتی کوردستان دروست دەبێت
ئاڤیگدۆر ئاسکین، نووسەر و چاودێری سیاسیی رووسی بابەتێکی بەناوی "دەوڵەتێکی نوێ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دروست دەبێت" لە ماڵپەری (سپۆتینک) بڵاوکردووەتەوە و تێیدا رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستانی عێراق بانگەشەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ رۆژی 25ـی ئەیلوول دەست پێ کردووە و سەرەڕای نیگەرانییەکانی بەغدا، تاران و ئەنقەرە، ”لایەنەکانی کوردستان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە یەک ھەڵوێستن“.
ئاڤگیدۆر ئاسکین پێی وایە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق ”دەوڵـەتی عێراق لە رووی یاساییەوە هەڵدەوەشێنێتەوە“، بەڵام هیچ کاریگەریی بۆ پارچەپارچەبوونی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە نابێ، چونکە ”کوردستانی عێراق لە رووی مێژوویی، جوگرافی و خەباتی نەتەوەییەوە جیاوازە“.
ئەو نووسەرە رووسییە هەروەها رایگەیاندووە، کە سووربوون لەسەر مانەوەی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک خۆی ”هیچ سوودی نییە“، چونکە لە عێراق و سووریا ”شتێک بەناوی دەوڵەتی یەکگرتوو“ نەماوە و لەو ناوچەیە نەم نزیکانە ”دەوڵەتێکی نوێی نەتەوەیی و سەربەخۆ بە ناوی دەوڵەتی کوردستان، دروست دەبێت“.
هەروەک لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، بڕیارە رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام بدرێت.
باسنيوز
