رەوتی سوننە لە عێراق: ناتوانین کورد ناچار بکەین لە عێراق بمێنێتەوە

 رەوتی سوننە لە عێراق: ناتوانین کورد ناچار بکەین لە عێراق بمێنێتەوە
سەرۆکی رەوتی عەرەبی سوننەمەزهەب هەڵوێستی رەوتەکەی لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، ”ناتوانین کورد ناچار بکەین لە عێراق بمێنێتەوە“.



شێخ تەها حامد دلێمی، دامەزرێنەر و سەرۆکی رەوتی عەرەبی سوننەمەزهەب لە عێراق لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا، باسی کۆمەڵێک کێشەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.



شێخ تەها حامد دلێمی رایگەیاندووە، کە حزبە شیعییەکانی عێراق ”بیری تائیفیی ناشیرین و تێکدەریان هەیە“ و وا هەست دەکەن ئەوان خاوەنی عراقن.



ئەو سەرکردەیەی عەرەبە سوننەکانی عێراق ئاماژەی بە نووسینەوەی دەستووری عێراق لە ساڵی 2005 کردووە، کە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان ”فیدرالییەتی خۆیان تێدا چەسپاند“ و رایگەیاندووە، کورد ئامانج و پلانی دیاریکراوی خۆی هەیە و تەنیا ئەوانیش پابەندی دەستووری عێراق بوون، ”سوننە و شیعە پابەندی ئەو دەستوورە نەبوون“.



شێخ تەها حامد دلێمی پێی وایە ئەگەر عەرەبی سوننەمەزهەبیش هەرێمێکی تایبەت بەخۆیان هەبا لە عێراق، ئەوا بە دەستی میلیشیا و شیعەکانی عێراق تووشی ئەو هەموو کارەساتە نەدەبوون و شارەکانیان داگیر نەدەکرا، ”کورد خۆی لە هەرێمی کوردستان بەهێز کرد و خۆی لە زەبروزەنگی شیعە پاراست“.



سەرۆکی رەوتی سوننەمەزهەب لە عێراق هەڵوێستی رەوتەکەی لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، گەلی کوردستان بەپێی بنەماکانی شەرع، سیاسەت و یاسا نێودەوڵەتییەکان ”مافی خۆیانە ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدەن“.



شێخ تەها بڕیارەکانی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردستان بە ”زیرەکی“ دادەنێت و دەڵێت، ”دەستخۆشی لەوانە دەکەم کە بە زیرەکی هەوڵی بە دەستهێنانی مافەکانیان دەدەن“.



ئەو شێخە سوننەمەزهەبە گەلی کوردستان بە نزیکتر لە عەرەبە سوننەمەزهەبەکانی عێراق دەزانێت و رایدەگەیەنێت، ”شیعەکان هەوڵی لەناوبردنمان دەدەن، بەڵام کوردەکان تەنیا دەیانەوێ سنووری نێوان ئێمە و خۆیان دیاری بکەن“.



دلێمی پێی وایە عەرەبە سوننەمەزهەبە نەتەوەییەکان هەرگیز ناتوانن داوا لە کورد بکەن لە چوارچێوەی عێراقێکی نەتەوەیی عەرەبی بمێنێتەوە، چونکە ”ئەوان کوردن و ئێمەش عەرەب، کورد خۆی وەک وڵاتی خۆی سەیری عێراق ناکات“.



شێخ تەها حامد هەروەها رایگەیاندووە، کە گەلی کوردستان دەستبەرداری بیری سەربەخۆیی نابێ و ”ئەگەر ئەمڕۆش نەتوانێ، سبەی هەلی بۆ دەڕەخسێت“، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ نەتەوە جیاوازەکان بەزۆر بەیەکەوە بلکێنێت، ”لکاندنی بەزۆری نەتەوەکان راست نییە“.



لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی رەوتی سوننەمەزهەب لە عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ”بەپێی شەرع“ ناتوانن گەلی کوردستان ناچار بکەن لە چوارجێوەی عێراقدا بمێنێتەوە، ”رێگریی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی ناکەین، کورد ئازادە، مافی خۆیەتی سەربەخۆ بێت“.



شێخ تەها حامد دلێمی بە بیر سەرکردە و حزب و لایەنە سوننەمەزهەکانی عێراقیش دەهێنێتەوە، کە لەو کاتەی ”شیعەکان ئێمەیان دەکوشت و تاڵانیان دەکردین“، هیچ پەناگەیەکیان نەبوو جگە لە هەرێمی کوردستان، کە دەرگاکانی بۆ کردنەوە و پاراستنی.



بەهۆی شەڕی تائیفیی میلیشیاکان و داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتیی عەرەبی عێراقی، کە زۆربەیان سوننەمەزهەب بوون، روویان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد.



هەروەک لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، بڕیارە رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام بدرێت.




باسنیوز
Top