وەزارەتی پێشمەرگە داواکاریی نوێ پێشکەش بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکات

 وەزارەتی پێشمەرگە داواکاریی نوێ پێشکەش بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکات
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە تازەکان لە جەنگی دژ بە تیرۆردا، داواکاریی نوێی پێشکەش بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش کردووە.



ھەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری دەزگای ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاند: "داوامان لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە، پێداچوونەوە بکات لە چەند بوارێکی کارکردنیاندا لەگەڵ پێشمەرگە، بەجۆرێک ئەوەی ئێستا ھەیە، فراوانتر و گەورەتر بکرێت، چونکە قۆناغێکی نوێ لەدوای شەڕی مووسڵ ھاتووەتە ئاراوە و دەبێت پێداچوونەوە بەو ھاوپەیمانییە بکرێت، چونکە ئێستا ھێزی پێشمەرگەش خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ قۆناغی دووەمی یەکگرتنەوەی ھێزەکانی حەفتا و هەشتا کە ئەمە قۆناغێکی گرنگە بۆ داھاتووی ھاوپەیمانیی نێوانمان“.



ئەوەشی ئاشکرا کرد کە داواکارییەکەیان بە بەرپرسانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە لایەک و بەرپرسانی واشنتۆن لەلایەکی دیکە داوە و داوایان کردووە: ”سنووری ھاوکارییەکانیان بۆ پێشمەرگە فراوانتر بکەن و لەو چوارچێوەیەی ئێستا نەمێنێتەوە، چونکە ئەرکی زۆر و شتی ھاوبەشی زۆرمان بەیەکەوە ماوە".



جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێستا هاوپەیمانان دیراسەی داواکارییەکەیان دەکەن .



لەلایەن خۆیەوە ھەژار عەزیز، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەرەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە، ڕاگەیاند: "داوامان کردووە ژووری ھەماھەنگی و پەیوەندی کە لە نێوان ھەولێر و واشنتۆن و بەغدا ھەیە، فراوان بکرێت و جۆری ھاوکارییەکانیش لە نێوان ھەرسێ لایەن گۆڕانکاری بەسەردا بێت".





باسنیوز
Top