ھەڵەبجە.. لە رۆژانی جەژندا 11 رووداوی جۆراوجۆر تۆمار کراون
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای ھەڵەبجە، ڕایدەگەیەنێ، کە لەماوەی چوار ڕۆژی جەژندا لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە 11 ڕووداوی جۆراو جۆر تۆمارکراون.
بارزان عوسمان، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای ھەڵەبجە، ئەمڕۆ سێشەممە 5/9/2017، لە پرێس کۆنفرانسێکدا، ئاماری ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژنی خستەڕوو و تێدا ڕایگەیاند: "لەماوەی چوار ڕۆژی جەژنی قورباندا، لە سنووری ھەڵەبجە 11 رووداوی جۆراوجۆر تۆمارکراون".
گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای ھەڵەبجە، ئەوەشی خستە روو کە لە ڕۆژانی جەژندا، یەک حاڵەتی ھەوڵی خۆکوشتن تۆمارکراوە، دوو حاڵەتی تەقەکردن ھەبووە و بەو ھۆیەوە کەسێک بریندار بووە، دوو کەسیش بەو تۆمەتە دەستگیر کراون، لەگەڵ ئەوەش ھاووڵاتییەکی دیکەش تەقەی بە ئاسماندا کردووە و لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشی شارەزوورەوە دەستگیر کراوەو ئیستا بەندە، لە شارەدێی سیروانی سەر بە ھەڵەبجەش یەک حاڵەتی شێلان و مردن تۆمار کراوە، کە منداڵێکی عەرەبی تەمەن 3 ساڵان بوو و لە لایەن ئۆتۆمبێلێکەوە شێلدراوە و گیانی لەدەست داوە".
ئاشکراشی کرد کە ھەر لە ڕۆژانی جەژندا، شەش حاڵەتی شەڕکردن بە چەقۆ و بریندارکردن تۆمارکراوە، چوار تۆمەتباریش لەسەر ئەو حاڵەتانە بە پێی ماددەی (413) دەستگیرکراون، ھەروەھا کەسێکی داواکراویش دەستگیرکراوە.
بارزان عوسمان، ھەر لەو پرێس کۆنفرانسە، ئەوەشی باس کرد: "ژنێکی 32 ساڵی دانیشتووی پارێزگای ھەولێریش دەستگیر کرا، کە بەمەبەستی سواڵکردن ھاتبووە ھەڵەبجە و چوو بووە ماڵێکەوە و لەبەر ئەوەی ماڵەکە کەسی تێدا نەبووە لەگەڵ منداڵەکەی 450 ھەزار دینار و دەمانچەیەکیان لە ماڵەکە دزی بوو ، ھەروەھا حاڵەتیکی تەقەکردن بەھۆی کێشەی ئاودیری لە سنووری شارەدیی بیارە تۆمارکرا و تۆمەتبارەکەش ئیستا بەندە، ھەروەھا دەستمان گرت بەسەر ژمارەیەکی زۆر تەرەقە، دەمەقاچان و مەوادی تەقەمەنی یاری منداڵانە کە لەلایەن منداڵان بەکاردەھێنران".
bas news-
