شێخ جەعفەر: حەشدی شەعبی لە سنووری خانەقین دەستیان بە خرووقات کردووەتەوە

شێخ جەعفەر: حەشدی شەعبی لە سنووری خانەقین دەستیان بە خرووقات کردووەتەوە
بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، مەترسیی حەشدی شەعبی دەخاتە ڕوو، کە دەیانەوێت لە ناوچەکاندا کێشە و گرفت دروست بکەن.

ماوەی چەند ڕۆژێکە حەشدی شەعبی جووڵانەوەی لە سنووری خانەقین دەست پێ کردووە، بەشێک لە بازگە کۆنەکانی ئەو شارەیان نوێ کردووەتەوە و چەکداریان بۆ دیاری کردووە، لە چەند شوینێکیش زۆریان بۆ خەڵک هێناوە و بەشێک لە هاووڵاتیانی خانەقین و قەرەتەپە باس لەوە دەکەن کە کێشەکانی حەشد لەو ناوچەیە گەیشتووەتە لووتکە. (شێخ جەعفەر مستەفا)، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: ''ماوەیەکە حەشد لە سنووری خانەقین و قەرەتەپە دەستیان بە خرووقات کردووەتەوە و، ئێستا لە سنوورەکەدا حەشدی شەعبی کێشەی دروست کردووە، بەو ھۆیەشەوە بەشێکی زۆر لە گوندنشینەکانی سنووری نەفتخانە، سەعدییە و قەرەتەپە ناوچەکانی خۆیان چۆڵ کردووە و ئاوارەی شارەکانی دیکە بوون و بەشێکیان چوونەتە کەرکووک، پێشتر دانیشتوانی نەفتخانە زۆر بوون، بەڵام ئێستا تەنیا حەوت ماڵی تێدا ماوە.''

(شێخ جەعفەر) گوتی: ''میلیشیای حەشدی شەعبی، فشارێکی زۆریان خستووەتە سەر دانیشتوانی ناوچەکە، بەتایبەت ناوچەی عەرەبە سوننەنشینەکان، بەو ھۆیەشەوە ناوچەکان چۆڵ دەکرێن. ئێستاش ھاتوچۆی کوردەکانی سنووری خانەقین بۆ بەغدا زۆر ئەستەم بووە و ڕێگرییان لێ دەکرێت، چونکە بەشێک لە بازگە کۆنەکانیان نوێ کردووەتەوە و لە هەندێک شوێن بازگەی نوێیان داناوە.''

(شێخ جەعفەر) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''پێش جەژنی قوربان، سەرۆکی ئەنجومەنی مەندەلی، کە ھاوکات بەرپرسی ناوچەی پارتییە، لە بازگەدا ڕێگریی لێ کراوە، کە داخڵی بەغدا ببێت و، لە لایەن نەقیبێکەوە لە بازگەکەدا ئاگادار کراوەتەوە، کە بۆی نییە بچێتە ناو بەغداوە، تەنیا بیانووشی ئەوە بووە، کە ئەو کوردە، ئەمە یەکەم حاڵەتیش نییە، چەندین جار دووبارە کراوەتەوە و حەشد هیچ حسابێک بۆ دامەزراوەکان ناکات.''

kdp-
Top