سەرۆکی سەنتەری میترۆ: دەرکردنی کارمەندان لە لایەن (NRT) یەوە نائاساییە
رەحمان غەریب، سەرۆکی ڕێکخراوی میتر بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان،ڕایگەیاند: "دەرکردنی کارمەندانی کەناڵی (NRT) کارێکی ئاسایی نییە، ھەروەھا شتێکی دیکەش ھەیە کە ڕۆژنامەنووسان لەکاتی واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ دامەزراوەکەدا ڕەچاوی ناکەن، ئەویش ئەوەیە واژۆ لەسەر ئەو خاڵە دەکەن کە نوسراوە (ھەرکاتێک دامەزراوەکە ویستی گرێبەستەکە ھەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا ئازادە)، ئەوەش دژی ڕۆژنامەنووسان خۆیانە".
سەرۆکی ڕێکخراوی میترۆ، بە پێویستی دەزانێت لە کاتی واژۆکردنی ھەر گرێبەستێک، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئاگادر بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان وریا بکەنەوە.
ئەوەشی روون کردەوە، کە ھەموو ئەو گرێبەستانەی لە نێوان ڕۆژنامەنووسان و دەمەزراوەکاندا ئەنجام دەدرێت، گرفتی زۆری تێدایە، دەزگاکانیش مافی ڕۆژنامەنووسان دەخۆن، دەشڵێت "سەرنجم لەسەر گرێبەستەکانی ڕۆژنامەنوسان ھەیە، چونکە دەبێت پێش سێ مانگ رۆژنامەنووس ئاگادار بکرێتەوە کە دەردەکرێت، ھەروەھا دەبێت مووچەی سێ مانگی پێ بدرێت تا ئەو کاتەی ئیشێکی دیکە دەدۆزێتەوە، ئەوەش لە کەناڵی (NRT) پەیڕەو نەکراوە، بۆیە ئسوڵی نییە".
رەحمان غەریب، سەرۆکی ڕێکخراوی میترۆ، گوتیشی: "پاڵپشتی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کەناڵی (NRT)ی دەکەین کە دەرکراون، بە ستەم لێکراویان دەزانین، چونکە پێشتر ئاگادرا نەکراونەتەوە، ھەروەھا ھەر ڕۆژنامەنووسێکیش ھەست بەوە دەکات، کە زوڵمی لێکراوە، ئەوا بابچێت لە داداگا سکاڵا تۆمار بکات، ئێمە پارێزەری خۆبەخشمان ھەیە و بەرگری لێدەکەین بۆ ئەوەی مافی خۆی وەربگرێتەوە".
شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالیا و تەلەڤزیۆنی (NRT) مانگێک بەر لە ئێستا گرووپی (نەخێر)ی بۆ سەربەخۆیی کوردستان راگەیاند، کەناڵەکەش رێکلام بۆ ئەو گرووپە دەکات، بەھۆیەوە چەندین رۆژنامەنووس و کارمەندی ئەو کەناڵە، کە پشتگیری خۆیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەربڕیوە، لە کەناڵەکە دەرکراون.
باسنیوز
