گۆڕان: لەمڕۆوە ھەر ئەندامێکمان بچێتە گرووپی (نەخێر) کاردانەوەمان دەبێت

 گۆڕان: لەمڕۆوە ھەر ئەندامێکمان بچێتە گرووپی (نەخێر) کاردانەوەمان دەبێت
ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژە بەوە دەکات کە تائێستا ئاسایی بووە ئەندامانی گۆڕان بچنە ناو گرووپی (نەخێر)ەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئەو گرووپە ناوی خۆیان وەک قەوارەی سیاسی تۆمار کرد، بۆیە قەبوڵ ناکرێت.

عەزیمە نەجمەدین، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند: "تائێستا قسەمان نەکردووە کە ئەندامانمان چونەتە گرووپی (نەخێر)، لەوانە رابوون مەعروف، ئیسماعیل گەڵالی و مەلا سامان، بەس لەمڕۆوە ئەو گرووپە ناوی خۆیان وەک قەوارەی سیاسی تۆمار کردووە، بۆیە گۆڕان لەمەودوا تەحەکوم دەکات، کە چوونە ئەو بەرەیەوە شتێکی دیکە و کاردانەوەیەک دەبێت یان ئاسایی دەبێت، بەڵام بە بۆچوونی من شتێکی دیکە دەبێت ".

ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی گۆڕان، ئەوەشی روون کردەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت دەنگی گۆڕان بەپێچەوانەوەی ھەڵوێستی ئێستای گۆڕان بۆ نەخێر و گرووپی (نەخێر) بڕوات.

مانگێک لەمەوبەر، شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالیا، گرووپی (نەخێر) بۆ سەربەخۆیی کوردستان راگەیاند، دوێنی دووشەممە 4/8/2017، خۆیان وەک قەوارەیەکی سیاسی لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی کوردستان، تۆمار کرد.











باسنیوز
Top