دوو پارتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان: پشتیوانی لە ناڕەزایی مەدەنیی خەڵکی بانە دەکەین
بەپێی ھەواڵی دوو (کوردستان میدیا و کوردستان وکورد) دوو ماڵپەڕی سەرەکیی (حدکا و حدک) سەبارەت بە شەڕ و تێکھەڵچوونەکانی شاری بانە مەکتەبی سیاسی دوو لایەنی حزبی دیموکرات دوو راگەیەندراوی جیاجیان بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا وێڕای بەرزنرخاندنی ھەڵوێستی خەڵکی شاری بانە و دەوروبەری داوای ھاوھەڵوێستی و یەکڕیزیی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستانیان کردووە.
لە بەشێک لە ڕاگەیەندراوەکەی حدکادا ھاتووە: "وێڕای مەحکوومکردنی کردەوە دژی گەلییەکانی رێژیم لە کوردستان بەرامبەر بە کاسبکارانی کورد، ئەم حەرەکەتە ئازایانەیەی ئەمڕۆ و دوێنێ خەڵکی بەھەڵوێستی شاری بانە و دەوروبەری بەرز دەنرخێنن، داواکارین سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان، یەکڕیز و ھاوھەڵوێست دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ حەرەکەتی لەم چەشنە و بە ھاوخەباتی و یەکگرتووییەکی زیاترەوە بەرەنگاری کردار و سیاسەتی سەرکوتکارانەی رێژیم ببنەوە و پشتیوانی خۆمان بۆ ئەم حەرەکەتە بوێرانە و شۆڕشگێڕانەیەی خەڵکی شاری بانە و دەورووبەری رادەگەیەنێن ،حەرەکەتێک کە بە ھێمای گرێدانی خەباتی شار وشاخ ئەژمار دەکرێ".
ھاوکات لە ڕاگەیەندراوەەکەی (حدک)دا ھاتووە: "حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای مەحکومکردنی کوشتاری کۆڵبەرانی کورد و رەفتاری ھێزە ئینتزامی و ئەمنییەتەکانی رێژیم، پشتیوانیی خۆی لەم حەرەکەتە ئیعترازییەی خەڵکی شاری بانە و خواستە رەواکانیان رادەگەیەنێ. ھاوکات ھیوادارین کە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش بەتایبەتی ئەو ناوچانەی لەوانیشدا زۆر جار کۆڵبەران دەبنە قوربانیی ھەمان سیاسەتی ئەمنیەتیی رێژیم، بە ھەر شێوەیەکی گونجاو پشتیوانی و ھاوپێوەندیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی شاری بانە دەرببڕن".
ئەم ڕووداوانەی دوێنێ و ئەمڕۆی شاری بانە دوای ئەوە ھاتووە کە دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران کە بووە ھۆی مانگرتن وداخستنی دووکان و بازاڕ و ئەمڕۆ خەڵکی ناڕازیی بانە خۆپیشاندانێکی ناڕەزاییان دەربڕی کە لەگەڵ گرژی و ئاڵۆزی و شەڕ و تێکەھەڵچوونی ھێزە ئەمنییەکان بەرەوڕوو بوو.
بەپێی دوایین زانیارییەکان ھەتا ئێستا 10 کەس دەستگیر کراون، 8 کەس بریندار بوون و ھێزیکی زۆری ئەمنی و سەربازی و گاردی تایبەت ھێنراونەتە بانە و کۆپتەری سەربازی بەسەر شاری بانەدا دەسووڕێتەوە و خەڵکی ناڕازیش خوازیاری کۆتاییھێنان بە کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانن.
بەپێی زانیاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چین و توێژە جیاجیاکان لە شارەکانی سەق، پیرانشار، سەردەشت، مەریوان و سنە پشتیوانیی خۆیان لە ناڕەزایەتیی خەڵکی بانە دەربڕیوە و دەڵێن ناڕەزایەتیی مەدەنیی ھاوشێوە لەو شارانەش بەڕێوە دەچێت.
باسنيوز
