سەرکردەیەکی یەکێتی: لە سبەی چوارشەممەوە بانگەشەی ڕیفراندۆم دەست پێ دەکەین
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی کە نەیویست ناوەکەی بهێندرێت، ڕاگەیاند، سبەی یەکێتی وەک حزب لە سلێمانی دەست بە بانگەشەی ڕیفراندۆم دەکات و ”بە شێوەی کەرنەڤاڵ و کەمپینی جۆراوجۆر پێشوازی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆی ھەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بەهۆی پشووەکانی جەژنەوە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆنەبووەتەوە، بەڵام پاش ئەوەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان یەکێتی و گۆڕان کۆتایی دێت، سبەی چوارشەممە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆدەبێتەوە و بڕیاری دەست پێ کردنی بانگەشەی ڕیفراندۆم لە سلێمانی دەردەکات. گوتیشی: ”یەکێتی ھەر لە سەرەتاوە پاڵپشتیی تەواوی ڕیفراندۆمی کردووە“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە شاری هەولێر، کاتژمێر 12ی نیوەشەوی ڕابردوو، بانگەشەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی لە بەردەم قەڵای هەولێر دەستی پێ کرد.
باسنیوز
