ئەندامێکی جڤاتی گشتی: دەبێ گۆڕان لەبەر ڕیفراندۆم بەشێک لە داواکانی وەلاوە بنێت

 ئەندامێکی جڤاتی گشتی: دەبێ گۆڕان لەبەر ڕیفراندۆم بەشێک لە داواکانی وەلاوە بنێت
ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان داوای لە سەرجەم لایەنەکان بە بزووتنەوەکەی خۆشیەوە دەکات، لەبەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەشێک لە داواکانیان وەلاوە بنێن.



ئەمڕۆ سێشەممە 5/9/2017، کەنعان ئیسماعیل، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان، ڕاگەیاند: ”ئومێد دەکەین لەگەڵ یەکێتی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بگەینە دەرئەنجامێک، چونکە پرسی ڕیفراندۆم پرسێکی گرنگ و نیشتیمانییە، ئەگەر لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن، باوەڕ ناکەم ھیچ کوردێک لەدژی ئەو پرسە بێت“.



بە گوتەی کەنعان ئیسماعیل، گۆڕان لەگەڵ ڕیفراندۆم دایە، بەڵام وابەباش دەزانێت کە پرسی ڕیفراندۆم لە پەرلەمانیشەوە بڕیاری لێ بدرێت.



ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتیی گۆڕان، بە توندی ڕەخنەی لە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی گرت و ڕای گەیاند: ”لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتنێکی بێ بنەمامان ھەیە، ھەروەک چۆن لەگەڵ پارتیش ڕێککەوتنی بێ بنەمایان ھەیە، ئەگەرنا دەبوو ئەم پرسە زوو چارەسەر بکرابایە“.



داواشی کرد، لە پێناو ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا، ”سەرجەم بە گۆڕانیشەوە، بەشێک لە داواکانیان بەلاوە بنێن".




باسنیوز
Top