یەکێتی ڕیفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمان لەگەڵ گۆڕان تاوتوێ دەکا

 یەکێتی ڕیفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمان لەگەڵ گۆڕان تاوتوێ دەکا
هەردوو سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە کۆدەبنەوە.



ئەمڕۆ سێشەممە 5/9/2017، ڕەهبەری سەید برایم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکەی یەکێتی و گۆڕان ئەمڕۆ بەڕێوە دەچێت و هەریەک لە (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، حاکم قادر حەمەجان، عیماد ئەحمەد، ڕەفعەت عەبدوڵا و شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ) بەشداری دەکەن.



هەر لەمبارەیەوە ڕەفعەت عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی ھاوبەشی یەکێتی و گۆڕان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان گۆڕان و یەکێتییە لە لایەک و پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و باسکردن لە ڕیفراندۆمە لەلایەکی دیکەوە.





پێشتر بەڵێن عەبدوڵا، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕاگەیاندبوو، لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕان چارەسەرێک بۆ پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بدۆزنەوە و لایەنەکان چاوەڕوانی ئەو هەوڵە دەکەن.



بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، یەکێتی لە ڕێگەی ئەم کۆبوونەوەیەوە دەیەوێت دوا هەوڵ بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان پێش ڕیفراندۆم لەگەڵ گۆڕان بدات و کار بۆ ڕازیکردنی بزووتنەوەکە لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات.



باسنیووز
Top