نووسەرێکی ناسراوی عەرەب: هەموو رژێمەکانی عێراق دژی گەلی کوردستان بوون
حازم ساغیە، نووسەر و رۆژنامەنووسی لوبنانی لە وتارێکدا لە رۆژنامەی (ئەلحەیات)ی وڵاتەکەی، رایگەیاندووە، کە ئەوانەی رەخنە لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق دەگرن، دوو جیاوازیی گەورەیان هەیە، یەکەمیان داوای دواخستنی دەکات و دووەم بیرۆکەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی لە بنەڕەتەوە رەت دەکاتەوە.
حازم ساغیە لە وتارەکەیدا باسی ئەوەی کردووە، کە ئەوانەی بیرۆکەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق رەت دەکەنەوە بەهانەی ئەوە دەگرن، کە عێراق دابەش دەبێ و ئیسرائیلێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەبێت، ”بەڵام کۆڵەوارن، چونکە عێراق، کە رژێمەکەی شکستی هێناوە، بە کردەیی دابەش بووە“.
ئەو نووسەرە پێی وایە ئەوانەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق بە ”بەهانەی دووبارە“ رەت دەکەنەوە، ”هیچ بایەخێک“ بۆ رای گەلی کوردستان دانانێن و وەک خزمەتکار لە گەلی کوردستان دەڕوانن.
حازم ساغیە بێ متمانەیی گەلی کوردستان بە رژێمەکانی عێراق بە مافی ئەو گەلە دەزانێ و نموونەی مێژوویی رێککەوتن و کارەساتەکان، کە بەسەر گەلی کوردستاندا هێنراون، باس دەکات و دەڵێت، ”کوردەکان بە کام عێراق دەسخەڕۆ دەدەن؟، عێراقی عەبدولکەریم قاسم، کە شەڕی دژی کوردستان ئەنجامدا لە 1961، یان عێراقی بەعس لە 1963، کە هانای بۆ هێزەکانی سووریا برد دژی کوردستان، یان عێراقی ئەحمەد حەسەن بەکر، کە لە ساڵی 1970 رێککەوتنیلەگەڵ کوردستان کرد و هەڵی وەشاندەوە، یان عێراقی سەدام حوسێن بە کیمیاوی و ئەنفالەوە، یان عێراقی دوای 2003؟“.
ساغیە،کە لە وتارەکانیدا زۆرتر باسی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ئاماژەی بەوەش کردووە، گەلی کوردستان، کە ”بەریتانیا بە زەبری هێز کردنییە عێراقی“، سێ جۆر سیستەمی حوکمڕانیی عێراقی تاقی کردووەتەوە، کە هەر سێکیان دژایەتیی ئەو گەلەیان کردووە و بریتین لە ”دەسەڵاتی نیشتمانی بەسەرۆکایەتیی عەبدولکەریم قاسم، دەسەڵاتی سوننەمەزهەبەکان بە سەرۆکایەتیی سەدام حوسێن و دەسەڵاتی شیعەمەزهەبەکان لە دوای 2003“.
ئەو نووسەرە لوبنانییە وەک هاووڵاتییەکی عەرەب پرسیار لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات و بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت، ”بۆ ئەوەندە خوێنە بڕێژین بۆ پابەندکردنی کورد بۆ مانەوە لەو زیندانە وەک خزمەتکارێک؟ بۆ پێیان بڵین لەگەڵمان بمێننەوە ئەگەرنا ئێوە خیانەتکارن؟“.
هەروەک لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، بڕیارە رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام بدرێت.
باسنيوز
