لە ھەرێمی کوردستان بە فەرمی بانگەشەی ڕیفراندۆم دەستی پێ کرد
بەپێی زانیارییەکان، کۆمەڵێک گەنج لە بەردەم قەڵای ھەولێر و نزیک قاوەخانەی مەچکۆ، بۆ پشتگیریی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستانی عێراق کۆ بوونەوە و ئاڵای کوردستانیان بەدەستەوە بوو، ھەروەھا بە گوتنەوەی دروشمی جیاجیا، پشتگیریی خۆیان بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستانی عێراق، دووپات کردەوە.
شاری ھەولێر یەکەم وێستگەی بانگەشەی ڕیفراندۆمە، کە بەشێوەیەکی فەرمی بانگەشەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستانی عێراقی تێدا ڕاگەیاندرا.
شۆرش حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندی و ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، لە لێداونێکی پێشووتریدا، لەبارەی کاتی دەستپێکردنی بانگەشەی ڕیفراندۆم، بە (باسنیوز)ـی ڕاگەیاند: "ڕۆژی سێشەممە 2017/9/5، بانگەشەی ڕیفراندۆم، لە ھەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات، تا ڕۆژی 2017/9/22، بانگەشەی ڕیفراندۆم بەردەوام دەبێت، دوای ئەو کاتە، ھیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بانگەشە بکات".
لە کۆبوونەوەی 2017/6/7، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیار درا ڕۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستانی عێراق، لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.
باسنیوز
