لیژنەی ئاساییش و بەرگری: لێكۆڵینەوە لە ھاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سنووری عێراق دەكەین
(شاخەوان عەبدوڵڵا)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ئێمە ئاگاداری ھاتنی تیرۆریستانی داعشین بۆ سەر سنووری عێراق و، ئەو رێككەوتنەی كراویشە زۆر مەترسیدارە و دیار بوو كە داعش سەر بە چ لایەنێكە، بۆیە دوای جەژنی قوربان و گەڕانەوەمان بۆ پەرلەمان دەست بە لێكۆڵینەوە لەو رووداوە دەكەین".
(عەبدوڵڵا) گوتیشی، "ئێمە بەدواداچوونی بەردەوام بۆ ئەو پرسە دەكەین و ئەندامانی ئەنبار باس لەوە دەكەن ئەو چەكدارانە ھاتوونەتە ناو خاكی عێراق و ھاوپەیمانانیش رەتی دەكەنەوە جارێ ھاتبنە ناو عێراقەوە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی ھاتنیان مەترسیدارە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاساییش و بەرگری دەشڵێ، "مەبەست لە ھاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سنووری عێراق، بۆ ئەوەیە بێنە ناو خاكی عێراق و، ئینجا سووریا و لوبنان سەلامەت بن و عێراقیش وێران بێت، چونكە ھاتنی ئەوان بۆ "دیرەزوور" نییە و بۆ "ئەلبوكەمالە" و ژمارەی چەكدارەكانیش گەلێك زۆرە".
ئەو هەروەها زیاتر گوتی، "ھاتنی ئەو چەكدارانە بۆ سەر سنووری عێراق مەترسی بۆ سەر ھەرێم نییە و بڕیارە رێككەوتنێكی ھاوشێوە لە نێوان حەشدی شەعبی و داعش لە سنووری خورماتوو و كەركووك بكرێت، بەڵام نە كوردستان سووریایە و نە ئەوەی رێككەوتنەكە دەكات سەرۆكەكەی (بەشار ئەسەد)ـە، بۆیە پێویستە ھاوكاریان ھەبێت و جگە لە خۆیشیان ھاوكاری دیكەیان نییە، بۆیە لەلایەن كوردەوە شكستی پێ دەھێندرێت".
kdp-
