كوردانی تاراوگە داواکارن لە ریفراندۆمدا بێبەش نەکرێن

 	 كوردانی تاراوگە داواکارن لە ریفراندۆمدا بێبەش نەکرێن
كوردانی تاراوگە دەڵێن بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ریفراندۆمن، بۆیە پێویستە کارئاسانیان بۆ بکرێ و مەرجی فۆڕمی خۆراک لاببرێت بۆ ئەوەی ئەوانیش لەو مافەیاندا بێبەش نەکرێن. دەشڵێن، هەمووان خەباتیان بۆ سەربەخۆیی کردووە با دەنگیشیان بۆ سەربەخۆیی بێ، بۆیە پێویستە بەزووی ئەو کێشەیان بۆ چارەبکرێ.

(بەڕێز عەلی شوفل)، دانیشتووی وڵاتی سوید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "من دوومنداڵم ھەیە و تەمەنیان ٢٢ ساڵە و لە سوید لەدایکبوون، ھیچ بەڵگەنامەیەکی عێراقیان نییە و دەیانەوێت بۆ ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەنگبدەن، لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوودا بە بەڵگەی سویدی و رەگەزنامەی خۆم بۆیان ھەبوو دەنگ بدەن، ئێمە خێزانێکی گەورەین و لە ساڵی ١٩٩٢ لە دەرەوە نیشتەجێین، بەھۆی مەرجەکانی کۆمسیۆن نزیکەی ٥٠ کەس لە خێزان و کەسوکاری ئێمە لە پرۆسەی دەنگدان بۆ ریفراندۆم بێبەش دەبن، ھیوادارین ئاسانکاری بکرێت بۆ ئەوەی مافی یاسایی ئێمە نەفەوتێت.

(خەبات جەمال)، چالاکوان لە تاراوگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، باشترین رێگە بۆ ئەوەی دەنگی کوردانی تاراوگە نەفەوتێت دەبوو لە بریتی دەنگدانی ئەلکترۆنی لە رێگەی ئۆفیسەکانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ و، بەو شێوەیە کوردانی تاراوگە کێشەیان نەدەبوو، ئەگەر مەبەستیان پارە و خەرجی پڕۆسەکەیە ئێمەش پێیان دەڵێن ئەگەر پارە بۆ پڕۆسەیەکی وەھا گرینگ و چارەنووسساز نەبێت بۆچییە؟ دەنگدان بە رێگەی ئینتەرنێت دەنگی ھەزاران ھاوڵاتی کوردستانی دەفەوتێنێ، چونکە ھەر تەنیا بابەتەکە فۆڕمی خۆراک نییە، دەنگدەرانی تاراوگە بەھۆی فۆڕمی خۆراکەوە ژمارەیەکی بەرچاو دەنگیان دەفەوتێت و مافی بەشداریکردنیان نابێت.

(خەبات جەمال) دەشڵێ، پێشتر خۆم لە کوردستانبوم و ویستم فۆڕمی خۆراک دەربێنم، بەڵام پێیان گۆتین ئەوەی دانیشتووی ئێرە نەبێ، ناتوانێت ببێتە خاوەنی فۆڕمی خۆراک، ئەگەر ئێمەی کوردانی تاراوگەنشین ناتوانین فۆڕمی خۆراک دروست بکەین بەھۆی ئەوەی لە ھەرێم ناژین ئەی بۆچی بۆ بەشداریکردن لە ریفڕاندۆم ھەبوونی فۆڕمی خۆراکیان کردووتە مەرج، داوا لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان دەکەین تا ٧ی مانگ دەزانن چەند کەس لە دەرەوە خۆیان تۆمارکردووە و ھەرکە زانیان ژمارەیان زۆر کەمە بە بەراورد بە ژمارەی ئەو کوردانەی نیشتەجێی ئەورووپان تکا دەکەین بابێن لێرە کاری بۆ بکەن و ھاوڵاتیان بتوانن راستەوخۆ دەنگ بدەن، چونکە پێمان گوناحە ئەو ھەلە مێژوویە لەدەستمان بچێت و ھەموومان خەباتمان بۆ سەربەخۆیی کردووە و با دەنگیشمان بۆ سەربەخۆیی بێ.
kdp-
Top