کارەکانی نەخۆشخانەی چارەسەرکردنی بەرکەوتوانی کیمیایی تەواو بووە
د.خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "نەخۆشخانەی چارەسەرکردنی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە شاری ھەڵەبجە تەواو بووەو تەواوی ئامێر و پێویستییەکانیشی بۆ دابین کراوە، ئەوەی ماوە تەنیا پزیشک و کارمەندی تایبەتە بۆ نەخۆشخانەکە".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، ئەوەشی خستە روو: "بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە و شارەزایی پەیداکردن لە بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکە و چارەسەری بەرکەوتوانی کیمیایی، وەفدێکی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان بە نیازە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی ئێران بکات و گرێبەست لەگەڵ چەند پسپۆڕێکی بوارەکەدا بکات، داواشمان لە حکوومەت کردوە کە (284) پزیشک و کارمەندی تەندروستیمان بۆ دابمەزرێنێت".
ئاشکراشی کرد: "دوای چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە، نەخۆشخانەکە دەکەوێتەکار و تەواوی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لەناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان، دەتوانن بێ بەرانبەر سەردانی بکەن و چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت".
باسنیوز
