لە سنوونێ دەست بە نۆژەنکردنەوەی خانووەکان کرا
تیرۆریستانی داعش دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ لە بۆشایی سوپای عێراقدا مووسڵیان داگیر کرد، زیانێکی گەورەیشیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دا، ناحیەی سنوونێ یەکێک لەو ناحیانە بوو کە سەر بە قەزای شنگالە و داعش داگیری کرد، لەو کاتەی داعش دەستی بەسەردا گرت ٤٨٠٠ خانووی خاپوور کرد، دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سنوونێی رزگار کردەوە، لە ئێستادا خەڵکی زۆر گەڕاونەتەوە ئەو ناحیەیە و، وەک بەڕێوەبەری ناحیەکەیش (نایف سەیدۆ) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، رێکخراوێکی ئەڵمانیایی بە هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە نۆژەنکردنەوەی خانووەکان و تا ئێستا ٥٦٢ خانوو نۆژەنکراونەتەوە.
پێدەچێ بە نۆژەنکردنەوەی خانووەکان لەو ناحیەیەدا خەڵکی زیاتر رووبکەنە سنوونێ، چونکە ناوچەکە بەهۆی بوونی پێشمەرگە سەقامگیرە و، ئیدی ئەمە دەبێتە هۆکارێک کە بەمنزیکانە زیاتر خەڵک بگەڕێنەوە.
ناحیەی سنوونێ دەکەوێتە باکووری قەزای شنگال و لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ داعش داگیری کرد و، دواتر هێزی پێشمەرگەی کوردستان رزگاری کردەوە.
kdp-
