کۆمیسیۆن وادەی هەڵمەتی بانگەشەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی دیاری کرد

کۆمیسیۆن وادەی هەڵمەتی بانگەشەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی دیاری کرد
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ئەمڕۆ لە نووسراوێکی فەرمیدا وادەی هەڵمەتی بانگەشەی پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی دیاری کرد و هاوکات داوا لە قەوارە سیاسییەکان دەکات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناوی خۆیان تۆمار بکەن.

لە دوو ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیدا کە بەجیا نووسراون، هاتووە: "هەڵمەتی بانگەشەیڕیۆفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ڕێکەوتی 2017/9/5ەوە دەست پێدەکات و هەتا کاتژمێر 12ی شەوی 2017/9/22 درێژەی دەبێت".

لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئاگاداری سەرجەم حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەینەوە کە هەر لایەن و دەزگا و کەسایەتییەک بەرلە ڕۆژی دیاریکراو بانگەشە دەست پێ بکات، بەپێی پەیڕەو و ڕێکارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، ڕووبەڕووی بەرپرسیارەتیی یاسایی دەبێتەوە".

لە نووسراوەی دووەمدا کە تایبەتە بە خۆتۆمارکردنی ناوی قەوارە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هاتووە: "ئاگاداری سەرجەم قەوارە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەینەوە کەلە ڕێکەوتی 2017/9/3 تا ڕێکەوتی 2017/9/18 دەست دەکرێت بە تۆمارکردنی ناوی قەوارە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێم".

بەپێی بڕیاری کۆبوونەوەی ڕۆژی 2017/6/7 لایەنە سیاسییەکانی هەریمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بڕیارە 2017/9/25 لە هەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوە بچێت.

هاوکات بڕیارە ڕێکەوتی 2017/11/1 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت










باسنيوز
Top