جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە: بۆ ئازادکردنی حەویجە پێویستە پلانێكی نوێ دابنرێت

 جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە: بۆ ئازادکردنی حەویجە پێویستە پلانێكی نوێ دابنرێت
جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجە پێویستە پلانێكی نوێ دابنرێت.

لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان ڕایگەیاند: "بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجە، یان هەر شوێنێكی دیكە هەندێك هێز هەن كە ئامادەن و جیاوازن لە هێزەكانی دیكە، بۆیە دیاری دەكرێن بۆ بەشداری پێكردنیان لە شەڕەكاندا، ئەوانەش سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزی هاوپەیمانانن، بەشێكیان بە ڕێگای زەمینی شەڕ دەكەن و ئەوانی دیكەش لە ڕێگەی ئاسمانییەوە بەشدار دەبن".

جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، دەشڵێت: " كاتێك پلانێك دادەنرێت، پێویستە ئەركەكان تێیدا دیاری بكرێن، ئەوەش ڕوون بكرێتەوە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان چ ڕۆڵێكی لەو ئۆپەراسیۆنەكەدا دەبێت، چونكە كاتێك بمانەوێت ئامانجێك بپێكین، پێویستە ماوەیەك بۆ ئەوە دابندرێت، هەروەها ئەوەش دیاری بكرێت كە هێزەكە تا كوێ بۆی هەیە بڕوات؟ ئەركەكەی چۆن دەبێت؟".

پێشتر لە كاتی ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی مووسڵدا چەند كۆبوونەوەیەك كرا، هەروەها پلان بۆ ڕزگاركردنی ناوچەكانی دیكەی ژێر دەسەڵاتی داعش و بەتایبەت حەویجە دانرا، لیوا قارەمان شێخ كەماڵ، جەخت دەكاتەوە: "بۆ رزگاركردنی حەویجە پێویستە پلانێكی نوێ دابنرێت، چونكە دۆخەكە گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، بەشێك لە ناوچەكانی دەستی داعش ڕزگار كراون".

لیوا قارەمان شێخ كەمال ڕوونیشی كردەوە: "بە كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجە ئارامی بۆ شاری كەركووك و ناوچەكانی خورماتوو و داقووق دەگەڕێتەوە، هەروەها لەڕووی ئەمنییەوە زیاتر پارێزراو دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان هەمیشە جەختیان لە گرنگیی ڕزگاركردنی حەویجە كردووەتەوە".

جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە دەشڵێت: "بەپێی ئاگاداریی ئێمە ئێستا سوپای عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجە دیاری كراوە، هێزەكانی پێشمەرگەش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكەدا دەبن، ئەگەریش هەیە هێزەكانی حەشدی شەعبی بەشداری لە ڕزگاركردنی حەویجەدا نەكەن، چونكە ئەو هێزەی ئێستا لە بەشیر و داقووق هەیەتی زۆر كەمن".









باسنیوز
Top