"کۆمسیۆن گۆڕانکاری لە مەرجی فۆڕمی خۆراک بۆ دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات دەکات"
کوردانی تاراوگە نیگەرانی خۆیان بەرانبەر بە مەرجێکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم نیشاندەدەن کە ئەوان ساڵانێکە لە ئەورووپا و وڵاتانی دیکەی جیهانن و ئیدی فۆڕمی خۆراکیان نەماوە، بۆیە داوا لە کۆمسیۆن دەکەن کە حەقی هەزاران کورد نەفەوتێ و ئیدی گۆڕانکاری لەو مەرجە بکەن کە بۆیان داناون.
پێوەست بەم پرسە، (ئارام نەجمەدین)، بەڕێوەبەری گشتیی ئوفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسیی ھەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، راستە کۆمسیۆن مەرجی بۆ دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات داناوە کە دەبێ فۆڕمی خۆراکیان هەبێ، دەزانین کە ژمارەیەکی زۆری کوردستانییان بەرلە راپەڕینەوە چوونەتە دەرەوە و فۆڕمی خۆراکیان نییە، چونکە دروستکردنی فۆڕمی خۆراک لەدوای ساڵی ١٩٩٧ دەستی پێ کردووە، بۆیە ئەو پێشنیارانەیان پێگەیشتووە و رادەستی ئەنجوومونی کۆمیسیارانیان کردووە.
دەشڵێ، سبەینێ بڕیارە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران داواکاری سەرجەم ئۆفیسەکانی کۆمیسیۆن لەبەرچاوبگرێ کە داواکراوە گۆڕانکاری لە مەرجی فۆڕمی خۆراک بکرێ، میکانیزمێک دادەنرێ تا ئەو هاووڵاتیانەی کێشەی فۆڕمی خۆراکیان هەیە لە دەنگداندا بێبەش نەبن.
kdp-
