ئاسایشی (په‌كه‌كه) به‌دواى بووكێكى ته‌مه‌ن 17 ساڵدا ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ى له‌هاوسه‌ره‌كه‌ى جیای بكه‌نه‌وه
دادگایه‌كی سه‌ر به هێزه‌كانى پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه) سزاى یه‌ك ساڵ زیندانیكردن و پێبژاردنى به‌سه‌ر هاووڵاتییه‌كی دانیشتووى شارۆچكه‌ى ده‌رباسییه له كوردستانى ڕۆژئاوا ده‌ركرد، كه تۆمه‌ته‌كه‌ى ئه‌وه‌یه، كچێكى له‌خوار ته‌مه‌نى یاساییه‌وه به شوو داوه.
دواى مانگێك له ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ى، ژیانى (ئامینه ئه‌كره‌م) له ژیانێكى ئاساییه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ خۆشاردنه‌وه، چونكه هێزه‌كانى ئاسایشی سه‌ر به (په‌كه‌كه) بۆ ئه‌وه‌ى له هاوسه‌ركه‌ى جیای بكه‌نه‌وه، به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن.
كه‌سوكارى ده‌ستگیركراوه‌كه، له گرته ڤیدیۆیه‌كدا ڕوونكردنه‌وه‌یان له (فه‌یسبووك) بڵاوكردووه‌ته‌وه، تێیدا هاتووه: "ئاسایشی ده‌رباسییه و نووسینگه‌ى ئافره‌تان به‌دواى كچێكدا ده‌گه‌ڕێن كه ته‌مه‌نى 17 ساڵه و هاوسه‌رگیری كردووه، بۆ ئه‌وه‌ى ڕاسته‌وخۆ ڕێكارى جیابوونه‌وه‌ى له هاوسه‌ره‌كه‌ى بۆ بكرێت".
وه‌ك له گرته ڤیدیۆكه‌دا هاتووه: "ئه‌گه‌ر كچه‌كه خۆى ڕاده‌ست نه‌كات، ئه‌وا ئاسایشى سه‌ر به په‌كه‌كه، هه‌موو ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى ده‌ستگیر ده‌كات". ئاماژه به‌وه‌شدراوه، كه ئه‌وه‌ى ئه‌وان ده‌یكه‌ن (مه‌به‌ستى په‌كه‌كه‌یه) ده‌سه‌ڵاتى به‌عس یان هه‌ر ڕژێمێكى تر نایكات.
كه‌سوكارى ده‌ستگیركراوه‌كه، ئه‌و دادوه‌ره ئافره‌ته‌ى حوكمه‌كه‌ى ده‌ركردووه و ناوى (شه‌مس فه‌رحان)ـه به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، كه "نه‌خوێنده‌واره"، داواش له ئیداره‌ى په‌كه‌كه ده‌كه‌ن، واز له‌خه‌ڵكیی بهێنن كه له ژیان و دۆخێكى زۆر خراپدان.
له ڤیدیۆكه‌دا ئه‌و كه‌سى ڕوونكردنه‌وه‌كه ده‌دات، جه‌خت ده‌كاته‌وه، كه: "دادگاكه‌ى په‌كه‌كه له ده‌رباسییه، خۆرئاواى قامیشلۆ، سزاى یه‌ك ساڵ زیندانیكردن و پێبژاردنى بۆ باوكى كچه‌كه و ئه‌و مامۆستا ئاینییه‌ش پرۆسه‌ى ماره‌بڕینه‌كه‌ى كردووه، بڕیوه‌ته‌وه، ئه‌مه جگه له بڕیارى جیابوونه‌وه‌ى بوك و زاوه‌كه".
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، كه ئه‌و جۆره كارانه‌ى په‌كه‌كه، وایكردووه كوردانى ڕۆژئاوا ماڵ و حاڵی خۆیان جیبهێڵن، جه‌ختیش ده‌كه‌نه‌وه، كه ئیداره‌ى په‌كه‌كه له ڕۆژئاوا، دژ به به‌رژه‌وه‌ندى گه‌لى كورد له كوردستانى ڕۆژئاوا، هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات.
bas news-
