توێژه‌رێكى ئیسرائیلی بۆ گه‌لى كوردستان: سه‌ربه‌خۆیی نزیكه‌ و به‌ (به‌ڵێ) ده‌نگ بده‌ن

توێژه‌رێكى ئیسرائیلی بۆ گه‌لى كوردستان: سه‌ربه‌خۆیی نزیكه‌ و به‌ (به‌ڵێ) ده‌نگ بده‌ن


توێژه‌رێكى سیاسی ئیسرائیلی، نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ى گه‌لى كوردستان ده‌كات و ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ پێویستییه‌كى مێژووییه‌ گه‌لى كورد ببێته‌ خاوه‌ن ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى خۆى. دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وان له‌ ئیسرائیله‌وه‌ پشتیوانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌ن.



د. ئیدی كۆهین، توێژه‌ری سیاسی و نووسه‌ر و چالاكوانى مافى مرۆڤ، له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا نامه‌یه‌ك بۆ گه‌لى كوردستان ده‌نێرێت و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر جاران ته‌نها شاخ و كێوه‌كان دۆستى كورد بوون، ئێستا گه‌لى كورد له‌هه‌موو جیهاندا دۆستى هه‌یه‌".



ئه‌و توێژه‌ره‌، وه‌ك خۆى ئاماژه‌ى پێده‌دات، نامه‌كه‌ى له‌ ته‌ل ئه‌بیب_ى پایته‌ختى ئیسرائیله‌وه‌ ئاراسته‌ى گه‌لى كورد له‌ سلێمانى و هه‌ولێر و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید و كه‌ركووك و زاخۆ و شنگال و ته‌واوىشاره‌ كوردستانییه‌كان ده‌كات و، ده‌ڵێت: "باب و باپیرانتان سه‌ریان نایه‌وه‌ و چاوه‌ڕێی ئه‌م ساته‌ مێژووییه‌یان ده‌كرد، به‌ڵێ ئه‌ى گه‌لى كورد زه‌نگى سه‌ربه‌خۆیی لێیدا، به‌(به‌ڵێ) ده‌نگ بۆ ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بده‌ن".



داواش ده‌كات، بۆ ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ و به‌هێز و ئازاد، هه‌مووان له‌ ڕۆژی ڕیفراندۆمدا به‌ (به‌ڵێ) ده‌نگ بده‌ن، ده‌شڵێت: "ئێمه‌ له‌ ئیسرائیل پشتیوانیتان ده‌كه‌ین، پێویستییه‌كی مێژووییه‌ كه‌ ئێوه‌ ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆتان هه‌بێت".



ئه‌و نووسه‌ره‌ ئیسرائیلییه‌، له‌گه‌ڵ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا، جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ له‌ گه‌لى كورد ده‌كات و هیواش ده‌خوازێت، جه‌ژنى سه‌ربه‌خۆیی له‌گه‌ڵ گه‌لى كوردستاندا، بگێڕێت.

bas news-
Top