هێزی پێشمەرگە بۆ خەڵکی کوردستان؛ ئێوە دەنگ بە ڕیفراندۆم بدەن و ئێمەش سنوور دەپارێزین
عەقید (حوسێن ڕەسووڵ) لە میحوەری باشیك بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''ئێمە وەكو هێزی پێشمەرگە بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان دەكەین، چونكە بە درێژاییی مێژوو كورد خەباتی كردووە و قوربانیی داوە و هێزی پێشمەرگە خۆی كردووەتە چەپەر بۆ ئەوەی بە ئاواتەكانی خۆمان بگەین، ئەویش دەوڵەتی كوردستانە، بۆیە ئێمە وەكو هێزی پێشمەرگە ئامادەینە سنوورەكان بپارێزین، بۆ ئەوەی دەوڵەتی كوردستان، دەوڵەتێكی نموونەیی بێت لە ناوچەكەدا، داواش لە هەموو خەڵكی كوردستان بە هەموو پێكهاتە و نەتەوەكانەوە دەكەین، پشتگیری لەو پرۆسەیە بكەن، چونكە پشتگیریی ئەوان زیاتر هانمان دەدات بەرگری لە ئەوان و نیشتمان بكەین.''
عەقید (جادر سلێمان)، فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری چیای زەردك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: ''بەڵێن دەدەین چۆن لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا كوردستانمان پاراستووە، هەر بەو شێوەیە لە كاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانیشدا سنوورەكان بپارێزین و لێی نەگەڕێین دوژمنانی ئێمە دەست بۆ كوردستان درێژ بكەن، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین ڕۆژی ڕیفراندۆم بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن و ئاسوودە بن لەوەی كە كوردستان سەر دەکەوێت.''
نەقیب (فكری حوسێن) لە میحوەری مەخموور بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم ڕۆژی ٢٥/٩ بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن، كە ئەوەش وەفایەك دەبێت بۆ خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان، چونكە داگیركەرانی كوردستان بە درێژاییی مێژوو هەوڵیان داوە كورد سەركوت بكەن و لەناوی ببەن، ئێستا دەرفەت هاتووەتە پێش كە ئێمە ئەوان لەناو ببەین و بە دەوڵەتی كوردستان خەونی ئەوان لە گۆڕ بنێین و ئاواتی سەدان ساڵەی گەلی كورد بێتەدی، كە ئاواتی هەموو تاكێكی كورد، سەربەخۆییی كوردستان و ڕزگاربوونمانە لە دەست دوژمن.''
پێشمەرگە (نێچیرڤان غەفوور)، هەر لە میحوەری مەخموور بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی دركاند: ''ئێمە بە ڕۆح و گیان هەموو كاتێك ئامادەین بەرگری لە خاكی كوردستان بكەین، با خەڵكی ئێمەش بە (بەڵێ) خەبات بكەن و بەرگری لە خاكی كوردستان بكەن، بۆیە داوایان لێ دەكەم لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن.''
kdp-
