"دەبێ هاوپەیمانان بێنە سەرهێڵ؛ ڕێککەوتنی داعش و حزبوڵڵا و ڕژێمی سووریا زیاتر لە سیناریۆیەکی هەیە"

مامۆستایەکی زانکۆ ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕێککەوتنی سووریا و داعش و حزبوڵڵای لوبنان زۆر مەترسیدارە و دەبێ هاوپەیمانان بەپەلە بێنە سەرخەت، پەرلەمانتارێکی کوردیش لە بەغدا دەڵێت، دەبێ عێراقیش خۆی بە بەرپرسیار بزانێت.

بە پێی ڕێککەوتنێکی نێوان تیرۆریستانی داعش و حزبوڵڵای لوبنان و ڕژێمی سووریا بە سەدان چەکداری داعش ناوچە سنوورییەکانی لوبنانیان جێ هێشت و بە چەک و تەقەمەنییەوە بەرەو ناوچە سنوورییەکانی عێراق گواسترانەوە.

هاوکات گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وێڕای ئەوەی گوازتنەوەی هێزێکی زۆری تیرۆریستان لە لوبنانەوە بۆ سەر سنووری عێراق بە جێی گومان ناو دەبات، ڕایدەگەیێنێت: ''جێگەی گومانە و زۆر بە جیددی چاودێری و بەدواداچوونی بۆ دەکەین و ئەوە بە دووبارەکردنەوەی ئەو سیناریۆیە دەزانین، کە لە ساڵی ٢٠١٤دا جێبەجێ کرا.''

(نەدا مێرگەسۆری)، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی پارتی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''دوای جەژن سەرجەم فراکسیۆنەکان ئاگادار دەکەینەوە، دانیشتنێکی تایبەت لەسەر پرسی ڕێککەوتنی داعش و حزبوڵڵا بکرێت، لە ئێستاشەوە ئاگاداری (حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەینەوە، وەک فەرماندەی ھێزی چەکداری عێراق و یەکەم دەسەڵاتی جێبەجێکار، بەرپرسیار بێت بەرانبەر بە ئەو ڕێککەوتنە.''

ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی ڕوون کردەوە: ''ئەم ڕێککەوتنە، دواجار مەترسی لەسەر داھاتووی عێراق و سنوورەکانی دەکات، ھەڵبەتە ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان باش دەزانین کە مەترسییەکان دواجار دەبێ کوردستانیش بگرێتەوە، چونکە دوور نییە سیناریۆی ٢٠١٤ دووبارە بکەنەوە، بۆیە ڕەنگە لەسەر ئەو پرسە بانگی سەرۆکوەزیران بۆ ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت.''

(نەدا مێرگەسۆری) ئاشکرایشی کرد: ''دەبێ ڕێکاری تایبەت لەو بارەوە بگیرێتە بەر، چونکە بە لای ئێمەوە ئەو پرسە کەم نییە و دەبێ سەرجەم لایەنەکانی عێراق لەو بارەوە ھەڵوێستی خۆیان ڕوون بکەنەوە.''

هاوکات (د.ئازاد نەقشبەندی)، سەرۆکی بەشی جوگرافیای زانکۆی سەلاحەدین و شرۆڤەکاری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''جۆرێک ترس لە مەیدانی جەنگی سووریا هەیە، مرۆڤ ناتوانێت یەک سیناریۆ بۆ ئەو ڕەوشە دابنێت، لەوە دەچێت بۆ دوورخستنەوەی داعش بێت لە سنووری لوبنان و سووریا و ئیسرائیل و بیانەوێت شەڕ لەوێ دوور بخەنەوە، یان سیناریۆی دووەم ئەوەیە لە شوێنیک کۆیان کەنەوە و لەناویان بەرن، چونکە هێناویانن بۆ (ئەبوکەمال-لە ئەنبار)، بۆ دەهێنرێنە ئەوێ؟ دواتر دەبێ هاوپەیمانان ئاگادار بکرێنەوە لەوەی مەترسی لەسەر ناوچەکە دروست دەکەن، بەتایبەت بۆ هەرێمی کوردستان، ئەگەر بیانەوێت سیناریۆی ٢٠١٤ دووبارە بکەنەوە، بۆیە گرنگە ژووری عەمەلیاتی هاوبەشی پێشمەرگە و هاوپەیمانان بەهێز بکرێت.''

سەرۆکی بەشی جوگرافیای زانکۆی سەلاحەدین ئەوەشی خستە ڕوو: ''لە ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتیی هەرێمدا بە ڕوونی دیارە، کە پیلانێکی دیکە لە ئارادا هەیە، بۆیە دەبێ هاوپەیمانی بە هاوبەشیی پێشمەرگە ڕووبەڕووی هەر پیلانێک ببنەوە، کە بیانەوێت بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان بیکەن''
kdp-
Top